سوودی نیسكتان بۆ منداڵان زانیوە ؟

13/05/2019 - 11:25 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

نیسك خواردنێكی سووك و بەسوودە، پزیشكان ئامۆژگاریمان دەكەن كە ئەم خواردنە تەنها سوودی بۆ گەوران نییە، بەڵكو بۆ منداڵانیش سوودی زۆری هەیە.

بۆ گەشەی باڵاو ماسولكەو تەندروستیەكی باش، منداڵ پێویستی بە خۆراكی دەوڵەمەند بە پێكهاتووە گرنگەكان هەیە لە پێناو تەندروستیەكی باش و گەشەی هەموو خانەكانی لەشی، نیسك یەكێكە لەو خۆراكە باشانە كە بەهۆی هەرزانی نرخەكەیەوە جێگرەوەیەكی گونجاوە لەبری گۆشت و مریشك و ماسی.

گرنگترین سوودە تەندروستیەكانی نیسك بۆ منداڵ :

1. گەشەو بەهێزكردنی ماسولكەكان : چونكە سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی پڕۆتینەو هەموو ترشە ئەمینیەكانی تێدایە كە جەستە پێویستیەتی.

2. باش كردنی كۆئەندامی هەرس و كەم كردنەوەو ڕێگری كردن لە قەبزی، چونكە دەوڵەمەندە بە ماددە ڕیشاڵییەكان. 

3. پاراستنی منداڵ لە كەمخوێنی و چارەسەركردنی : بڕێكی زۆر لە ماددەی ئاسنی تێدایە لەگەڵ فۆلیك ئەسیدو مس. 

4. دەوڵەمەندە بە كۆمەڵێك لە فینۆڵەكان كە ماددەی دژە ئۆكسانە.

5. بۆ گەشەی باڵای منداڵ بەسوودە : چونكە زۆربەی پێكهاتووە گرنگەكانی ئێسكی تێدایە بێجگە لە كالیسیۆم و ڤیتامین دی؛ وەك فوسفۆڕو مەنگەنیزو پڕۆتین.

6. بۆ خۆپاراستن لە كێشی زۆرو قەڵەوی لە كاتی منداڵی و دواتر، بەڵام لە هەمان كاتدا بەكەڵكە بۆ ئەو منداڵانە ئیشتهایان كەمە. 

7. بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی ئاستی شەكرە لەو منداڵانەی نەخۆشی شەكرەیان هەیە بە سوودە لەگەڵ خۆپاراستن لە تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە جۆری دووەم. 

8. پاراستنی تەندروستی دڵ.

9. كەم كردنەوەی دڵەڕاوكێ و دڵتەنگی و تووڕەیی و باش كردنی میزاج.

10. خۆپاراستن لە هەندێ جۆری شێرپەنجە. 

هەندێك ئاگاداركردنەوەی گرنگ : 

1. زۆر خواردنی نیسك ڕۆژانەو بە بەردەوامی هەندێك زیانی هەیە وەك : ئاوسانی سك و ئازاری ناوسك و زیادكردنی غازات لە هەندێك منداڵدا. 

2. دروست بوونی بەردی گورچیلە لەو منداڵانەی كێشەی هەوكردنی درێژخایەن و بەردی گورچیلەو سستی گورچیلەیان هەیە. 

3. لەكاتی لێنانی باشترە هیچ زەیت یان ڕۆنی تێ نەكرێت یان بڕێكی زۆر كەم لە زەیتی زەیتوون یان كەتان.

4. خۆراكی منداڵان پێویستە هەمەجۆر بێت و ڕۆژانە دوو بۆ سێ جار میوەو سەوزە بخوات.

(د. كامەران رەسوڵ ژاژڵەیی – پسپۆڕی زانستی خۆراك و نەشتەرگەری گشتی)