پارتی: یەكێتی لە هەڵەبجە نایەوێت ئیدارەكە پێكبهێنرێت

09/05/2016 - 11:51 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی



كوردیو ـ سلێمانی
نزیكەی ساڵێكە بڕیاری پێكهێنانی ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و تاوەكو ئێستاش بەهۆی ناكۆكی لایەنە سیاسیەكانەوە پرۆسەكە پەكی كەوتووە بە تایبەت پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە و بەرپرسی لقی 12ی پارتیش ئۆباڵەكەی دەخاتە ئەستۆی یەكێتی نیشتیمانی وەك لایەنی باڵادەست لە ناوچەكە.


فازڵ بەشارەتی بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموكرات لە پارێزگای هەڵەبجە بۆ كوردیو ووتی" تەقریبەن ئێمە وازمان هێناوە لە پرسی پێكهێنانی ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە، لەسەر ئەو بابەتە قسە زۆر كراوە و وتومانە مافی خۆمان بە تەواوەتی وەرنگەرین هیچ بەشداریەكمان نابێت، بۆیە ئێستا هیچ گفتوگۆ و قسەیەك لەنێوانماندا نەماوە".


بەرپرسی لقی 12ی پارتی وتیشی" لایەنی باڵادەست لە هەڵەبجە بەرپرسە و ئەگەر ئەو نەیەوێت ئەو كارە بەرەو پێش بچێت هەر ئاوای لێ دێت بۆیە خواست و قسەی ئێمە لەسەرەتاوە ڕوون بووە".


پارتی دیموكرات لە هەڵەبجە پۆستی قائیمقام و چوار ئەندامی ئەنجومەنەكە بە مافی خۆی دەزانێت و هەرچی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە ئامادە نیە ئەو پشكە بدات پارتی و لە گەرمی گفتوگۆكانیشدا قائمقامێكی نوێی لەسەر پشكی خۆی بۆ هەڵەبجە دانا.

 

am