بەفەرمی عێراق دانی بە بوونی قاسم سولەیمانی لە وڵاتەکەی دانا

07/06/2016 - 00:41 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

وەزیری دەرەوەی عێراق ئیبراھیم ئەلجەعفەری رایگەیاند کە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سوپای پاسدارانی ئێران قاسم سولەیمانی لە چوارچێوەی زانیاریدان بە حکوومەت، لە خاکی عێراق ئەرکی راوێژکاری سەربازیی بەڕێوە دەبات.

جەعفەری سەردانی وڵاتی ئوردنی کرد و لە باڵیۆزخانەی عێراق لەو وڵاتە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست.

لەبارەی ھەواڵی دەرکەوتنی قاسم سولەیمانی لەبەرەکانی شەڕ لە عێراق و لەگەڵ سەرکردەکانی حەشدی شەعبی لەکاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی فەللوجە لەدەستی داعش رایگەیاند کە قاسم سولەیمانی لە خاکی عێراق ئەرکی راوێژکاری سەربازیی بەڕێوە دەبات.

جەعفەری گوتیشی: "عێراق لەجیاتی گشت جیھان شەڕ دەکات. ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش نزیکەی لە ١٠٠ وڵاتی جیھانەوە ھاتوون".

جەعفەری لەبارەی دواکەوتنی ئازادکردنەوەی فەللوجە رایگەیاند کە داعش خەڵکی سڤیلی ناوچەکەی وەک قەڵغان بەکارھێناوە و ھێزەکانی ئەمنیش گرنگی بە گیانی ھاووڵاتیانی سڤیل دەدەن.

سوپای عێراق، پۆلیس، حەشدی شەعبی و ھۆزەکانی سوننە ناوچەکە بەمەبەستی ئازادکردنی فەللوجەی سەربە ئەنبار، لە رێککەوتی ٢٣ی ئایار ئۆپەراسیۆنێکی ھاوبەشیان دەستپێکردووە.

دەرکەوتنی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران قاسم سولەیمانی لە بەرەکانی شەڕ لە عێراق ببووە مایەی رەخنەی لایەنەکان.