داعش لەباكووری روومادی دوو ناوچە كۆنترۆڵ دەكات

14/06/2016 - 09:18 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

 

 

دژە هێرشی گروپە چەكدارەكانی داعش بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان و چەكدارە شیعەكان بەردەوامیان هەیەو دوێنێش لەسنووری شاری روومادی داعش دوو ناوچەی خستۆتە ژێر چنگی خۆیەوە.
ئاژانسی ئەعماقی سەربە داعش بڵاویكردۆتەوە، دوێنێ‌ چەكدارەكانی دوای شەڕو پێكدادانێكی سەخت توانیویانە دەستبگرن بەسەر هەردوو ناوچەی (ئەلبوریشەو ئەلبوعیتە) لەباكووری شاری روومادی و چەك و جبەخانەی هێزە ئەمنییەكان و چەكدارە شیعەكانیش تێكبشكێنن.
هاوكات سەرچاوە هەواڵییەكان باس لەوەدەكەن، ئێستا شەڕێكی سەخت لەنێوان گروپە چەكدارەكانی داعش و لیوای (39) ی سەربە فیرقەی (10) ی سوپای عێراق لەناوچەی (جەرایشی) هەر لەباكووری شاری روومادی دەستی پێكردووەو داعش دوای كۆنترۆڵ كردنی شادەماری ستراتیژی ڕێگەی نێودەوڵەتی خێرای شارەكە، ئێستا هەوڵ دەدات ئەو ناوچەیەش بخاتە ژێر ركێفی خۆی.
لەلایەن خۆشیانەوە هێزە ئەمنییەكان و سوپای عێراق لەترسی گواستنەوەی شەڕ بۆ نێو شارەكە، قەدەغەی هاتوچۆیان لەنێو شاری روومادی سەپاندووەو ئێستاش شەڕێكی سەخت لەمیحوەری باكووری شارەكە لەئارادایە.

 

ئـ . كـ