ژیانی (3.6) ملیۆن منداڵی عێراقی لەمەترسیدایە

11/07/2016 - 11:03 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

 

 

نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاویكردۆتەوە، لەحاڵی ئێستادا ملیۆنان منداڵی عێراقی لەخوێندن دابڕاون و مەترسیان لەسەرە.
ڕێكخراوی یونیسێفی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان بەیاننامەیەكی بڵاوكردۆتەوەو تێیدا ئاماژەی بەوەداوە، (3.6) ملیۆن منداڵی عێراق مەترسی كوژران و دەستدرێژی و ڕفاندن و برینداربوون و نەخۆشی و چەكداركردنیان لەسەرە.
ڕێكخراوەكە دەڵێت، لە پێنج منداڵ یەك منداڵی عێراق لەبەر مەترسی و هەڕەشەكانی كوشتن، برینداربوون، نەخۆشی، برسێتی، ڕفاندن، دەستدرێژی و چەكداركردنن لە لایەن گرووپە چەكدارەكان.
هەروەها ڕاپۆرتەكەی ئەو ڕێكخراوەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژە بەوە دەكات، كە ژمارەكە لە ماوەی هەژدە مانگدا (1.3) ملیۆن منداڵ زیادی كردووە.
هەروەها باسی لەوەكردووە، زیاتر لە چوار ملیۆن و پێنج سەد هەزار منداڵ لە عێراقدا پێویستییان بەهاوكاری مرۆییە.
لەلایەن خۆیەوە (پیتەر هاوكن) نوێنەری یونیسێف لە عێراق رایگەیاندووە، منداڵانی عێراق لە بەرەی پێشەوەی شەڕن لەسەر هێڵی ئاگرن و ژیانیان لە مەترسیدایە.

 

ئـ . كـ