حەیدەر عەبادی لیژنەیەكی بۆ جێبەجێ كردنی سزای لە سێدارەدان پێكهێنا

23/07/2016 - 09:16 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

نوسینگەی‌ ڕۆژنامەوانی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ عێراق ڕایدەگەیەنێت: لیژنەیەك پێكدەهێندرێت بە مەبەستی یەكلای كردنەوەی سزای لە سێدارەدان كە تاوەكو ئێستا یەكلانەكراوەتەوە و سزاكی ئەو كەسانە جێبەجێ نەكراوە كە بڕیاری لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە.

 

نوسینگەی‌ رۆژنامەوانی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست كوردیو كەوتوە ڕایگەیاند: حەیدەر عەبادی‌ سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی داوە بەمەبەستی‌ یەكلاكردنەوەی‌ دۆسیەی‌ ئەو كەسانەی‌ كە بەتاوانی‌ تیرۆر سزای‌ لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوە‌و تائێستا سزاكانیان جێبەجێ‌ نەكراوە و لیژنەكەش لە نوێنەرایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران‌ و دەسەڵاتی‌ دادوەری ‌‌و سەرۆكایەتی‌ كۆمار ‌و وەزارەتی‌ داد پێك دەهێنرێت‌ و دەسەڵاتی‌ تەواوی‌ پێدەدرێت بۆ یەكلایی كردنەوەی‌ كەیسەكانی‌ لەسێدارەدان لە عێراقدا.

 

هەورەها ئاماژە بەوەش كراوە: سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای كردووە ئەو كۆسپ و لەمپەرانە ئاشكرا بكرێن كە بووەتە هۆی جێبەجێنەكردنی سزای لە سێدارەدان.

 

 


سەلام بێستانسوری