سەدر یەكەم قۆناغی چاكسازی نێوخۆی راگەیاند

26/07/2016 - 09:17 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

سەرۆكی رەوتی سەدر موقتەدا سەدر رایگەیاند، یەكەم قۆناغی چاكسازی نێوخۆی دەستپێكرد و لەو چوارچێوەیەدا بڕیاریدا، سەرجەم نووسینگەكانی شەهید سەدر لە هەموو پارێزگاكانی عێراق جگە لە پارێزگای نەجەف نەبێت، دابخرێن و شوێنی نووسینگەكان بكرێنە شوێنی نیشتەجێبوون.

لە بەیاننامەیەكدا سەدر داوای كردووە، بەرێوەبەرانی نووسینگەكانی شەهید سەدر لەگەڵ لیژنەیەكی تایبەتدا كار بكەن ئەو نووسینگانە بكەنە شوێنی نیشتەجێكردنی ئەوانەی بێ ماڵ و حاڵن.

هەر لەو بەیاننامەیەدا سەدر بڕیاری دا، "باڵەخانی دەزگاكانی لە نەجەف كە دەكەوێتە بەرامبەر شارەوانی چۆڵ بكرێت و بۆ نیشتەجێكردنی ئەوانەی بێ‌ ماڵن، بەڵام بەو مەرجەی ئەوانەی ئەو شوێنانەیان بۆ نیشتەجێ بوون پێدەدرێت، هیچ مووچەیان نەبێت و بێ‌ كاربن و خاوەنی موڵک نەبن".

هەروەها موقتەدا سەدر داوایكردووە: "دەستبەجێ بارەگای دەستەی سیاسی لە بەغدا چۆڵ بكرێت و وەك شوێنی نیشتەجێ بۆ هەندێ‌ک لە خێزانە ئاوارەی ناوچە داگیركراوەكان تەرخان بكرێت".

لە كۆتایی بەیاننامەیەكەدا، سەرۆكی رەوتی سەدر جەخت كردووەتەوە: "لە دوای بەرواری راگەیاندنی ئەم بڕیارانە، دەبێت لە ماوەی كەمتر لە مانگێك بڕیارەكان جێبەجێ بكرێن و دوای تەواوبوونی ئەم قۆناغە، قۆناغی دووەم چاكسازی رادەگەیەنرێت".