بڕینی موچەی ئەم توێژە ناکرێتە پاشەکەوت..١٥%ی تریش کەمدەکرێتەوە

26/07/2016 - 10:28 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی


چەند زانیاریەک باس لەوەدەکات، پەرلەمانتاران ھەوڵەکانیان دەستپێکردوە بۆ ئەوەی پاشەکەوت لەسەر موچەکانیان نەھێڵدرێت و دەرماڵەش بۆخۆیان زیادبکەن، پەرلەمانتارێکیش ڕاستیی ئەو بابەتە ڕادەگەیەنێت و چەند زانیاریەکی گرنگیش ئاشکرادەکات.

ھەرچەندە پێشتر ڕێژەی لە ٥٠% لەموچەی پەرلەمانتاران لەلایەن حکومەتی بەغداوە بڕدراوە، باس لەوەدەکرێت، پەرلەمانتاران لەھەوڵی ئاساییکردنەوەی موچەکانیاندان، جگە لەھەوڵدان بۆ زیادکردنی دەرماڵە بۆخۆیان، بەڵام جگە لەو ڕێژەیەی بڕدراوە، ھاوکات حکومەت پێشنیازێکی تریشی کردوە.

سەبارەت بەوەی ئاخۆ بڕی لە ٥٠%ی بڕینی موچە لەپەرلەمانتاران پاشەکەوتە، قادر محەمەد کە ئەندامی لیژنەی داراییە لەئەنجومەنی نوێنەران ڕاگەیاند، "بەھیچ شێوەیەک ئەو بڕە پارەیەی کە لەموچەی پەرلەمانتاران بڕدراوە، ناکرێتە پاشەکەوت و ناشگێڕدرێتەوە".

لەبارەی ئەوەش کە باسدەکرێت، گوایە پەرلەمانتاران ھەوڵەکانیان دەستپێکردوە بۆ ئاساییکردنەوەی موچەکانیان، پەرلەمانتارەکە سەرجەم ئەو ھەواڵانەی ڕەتکردەوەو وتی:"بەھیچ شێوەیەک پەرلەمانتاران ئەو ھەوڵەیان نەداوەو ناشیدەن".

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی مەترسیەکی تریشی لەسەر موچەکانیان ئاشکراکردو ڕایگەیاند، "سەرباری ئەوەی ٥٠%ی موچەکانمان بڕدراوە، ھاوکات حکومەت دەیەوێت لە ١٥%ی تریش لەموچەکانمان ببڕێت".

 


 

ڕێبین عەلی 

SNN