نزیكەی یەك ملیۆن ئاوارە گەڕاونەتەوە ناوچە رزگاركراوەكان

26/07/2016 - 15:47 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایگەیاند: نزیكەی یەك ملیۆن ئاوارە، گەڕوانەتەوە ناوچەكانیان كە لە ژێر دەستی داعش رزگار كراون، یەكێتیی ئەوروپاش هاوكاری دارایی پێشكه‌ش ده‌كات.

بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری كۆچبەران لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران ستار نەورۆز رایگه‌یاند: بەپێی ئەوەی تۆمار كراوە، نزیكەی یەك ملیۆن ئاوارە گەڕوانەتەوە ناوچەكانیان كە لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش رزگار كراون، لە كاتێكدا هێشتا زیاتر لە سێ ملیۆن كەس كە لە نزیكەی 733 هەزار خێزان ئاوارەن.


ستار نەورۆز روونی دەكاتەوە كە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكان، بەتایبەتیش شاری مووسڵ، خەڵکێكی زۆر ئاوارە دەبێت بۆیە دەبێت ئامادەكاری پێشوەختە بۆ پێشوازیی لەو ئاوارە تازانە بكرێت.


بەرپرسەكەی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران بە پێویستی دەزانێت بۆ نیشتەجێكردنی ئەو كەسانە كە لە میانی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان ئاوارە دەبن، هەماهەنگی لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەندێ‌ لە رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی هەبێت.


شایه‌نی باسه‌ دوێنێ‌ دووشەممە، یەكێتیی ئەورووپا بڕیاریدا، وەك هاوكاری دارایی بۆ ئاوارەكان بڕی 104 ملیۆن دۆلار بداتە عێراق، هەفتەی رابردووش، لە كۆبوونەوەی وڵاتانی كۆمەكبەخش كە لە واشنتۆن بەڕێوەچوو، بەشداربووانی كۆبوونەوەكە رایانگەیاند: بڕی دوو ملیار و 100 ملیۆن دۆلار وەك هاوكاری بۆ ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە وێرانكراوەكان دەدەنە عێراق.