ئێران پێدانی كارەبای بە عێراق راگرت

27/07/2016 - 11:58 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

وەزارەتی كارەبای عێراق: "بێ‌ ئاگەداركردنەوەی پێشوەختە، ئێران پێدانی كارەبای بە عێراق راگرت".

وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی عێراق، محەمەد فەتحی ئاشكرای كرد كە بێ‌ ئاگەداركردنەوەی پێشوەختە، حكوومەتی ئێران پێدانی كارەبای بە عێراق راگرت كە 800 میگاواتە.

محەمەد فەتحی وتی: "لە دوێنێوە، ئێران دەستی كردووە بە راگرتنی كارەبا بە عێراق بە رێگەی هێڵی خوڕەمشەهر- بەسڕە- كەرخەت عەممارە كە 800 میگاواتە".

وتەبێژەكەی وەزارەتی كارەبای عێراق دەشڵێت كە ئەو هەنگاوەی ئێران بێ‌ ئاگەداركردنەوەی پێشوەختەی لایەنی عێراقی بووە دیارە عێراق قەرزداری ئێرانە كە دەگاتە 600 ملیۆن دۆلار و پێدەچێت راگرتنی پێدانی كارەبەكە بەهۆی نەدانەوەی ئەو قەرزە بێت.

لە مانگی ئایاری رابردووشدا، كۆمپانیای كاركی توركیا، بەهۆی كەڵەكەبوونی قەرزەكانی سەر عێراق، كارەكانی بۆ دابینكردنی 410 میگاواتی كارەبا بۆ پارێزگای بەسڕە راگرتبوو بەڵام دوای ماوەیەك كارەكانی دەست پێ كردەوە، پاش ئەوەی حكوومەتی عێراق بەڵێنی دا قەرزەكانی بداتەوە بە كۆمپانیاكە كە 85 ملیۆن دۆلارە.

لە وەرزی هاوین بەهۆی بچڕاندنی بەردەوامی كارەبای نیشتمانی و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، ناڕەزایی و بێزاری هاووڵاتییان لە زۆربەی ناوچەكانی عێراق، دژی حكوومەت پەرە دەستێنێت و زیاد دەکات.


ڕێبین عەلی