فەرماندەی فەوجێكی پۆلیس كوژرا

28/07/2016 - 12:06 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

بەهۆی هێرشێکی خۆكوژی رێكخراوی داعش لە رۆژئاوای شاری رومادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار، چوار پۆلیس كوژران كە یەكێكیان فەرماندەی فەوجە.

نەقیب ئەحمەد دلێمی ئەفسەر لە هێزەكانی پۆلیسی عێراق رایگەیاند "لە رۆژئاوای شاری رومادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار، خۆكوژێكی داعش هێزەكانی پۆلیس و حەشدی شەعبی كردە ئامانج و بەهۆیەوە سێ‌ پۆلیس كوژران كە یەكێكیان فەرماندەی فەوجە".

دلێمی لە لێدوانێكدا ووتی: "هێزێكی فەوجی چوار سەربە لیوای 18ی پۆلیسی فیدراڵ و حەشدی شەعبی لە ژێر فەرماندەیی فەرماندەی فەوجی هێزەكە ئەو هێزەیان لە رۆژهەڵاتی شاری رووتبە، بەسەركردەوە".

ئەفسەرەكە ئاماژەی بەوە دا، خۆكوژێكی داعش بە ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو خۆی بە هێزەكەی فەوجی چواری پۆلیسی فیدراڵ و چەكدارانی حەشدی شەعبی تەقاندەوە و بەهۆیەوە فەرماندەی فەوجی چوار، عەقید قاسم عگێدی و ئەفسەرێكی هەواڵگری فەوجەكە، بەناوی نەقیب حەسام مەحموود و ئەفسەرێكی دیكە بە پلەی مولازم، بەناوی محەمەد جەمال حەیاد و یەک پۆلیس و یەک چەكداری حەشدی شەعبی كوژران.

لەلایەكی تره‌وه‌ لیوا رووكن ئیسماعیل مەحلاوی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنبار ئاشكرای كرد كە فڕۆكەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە هێرشێكی ئاسمانییدا، بەچڕی شوێن و ئامانجەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعشیان لە جزیرەی خالییدە رۆژهەڵاتی رومادی و ناوچەی ئەلبوعەلی جاسم باكووری رومادی بۆردومان كرد.

مەحلاوی وتیشی: "لە ئاكامی بۆردومانەکەدا هەشت تیرۆریستی داعش كوژراون و 25 سەكۆی تەقاندنەوەی مووشەك تێکشکێنران".

 

 

هونه‌ر بانه‌گوڵانی