شه‌پۆلێكی‌ نوێی‌ گه‌رما روو لە عێراق و كوردستان دەكات

30/07/2016 - 11:55 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

كه‌شناسی‌ عێراقی رایدەگەیەنێت: شه‌پۆلێكی‌ نوێی‌ گه‌رما ڕوو له‌ عێراق‌ و هەرێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ ده‌كات، پێشبینی‌ ده‌كرێت پله‌ی‌ گه‌رما له‌ هه‌ندێك ناوچه‌، بگاته‌ سه‌رووی‌ 50 پله‌ی‌ سیلیزی‌.


لە بەیاننامەیەكدا ده‌سته‌ی‌ كه‌شناسی ‌‌و بومه‌له‌رزه‌ی‌ عێراق رایگه‌یاند: له‌ رۆژی‌ دووشه‌ممه‌وه‌ شه‌پۆلێكی‌ نوێی‌ گه‌رما ڕوو له‌ وڵاتانی‌ ناوچه‌ی‌ كه‌نداو و عێراق و كوردستان ده‌كات ‌و بۆ ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژێك به‌رده‌وام ده‌بێت.


به‌گوێره‌ی‌ به‌یاننامه‌‌كە به‌هۆی‌ نزمه‌پاڵه‌په‌ستۆی‌ وه‌رزییه‌وه‌، شه‌پۆلێكی‌ نوێی‌ گه‌رما عێراق و كوردستان ده‌گرێته‌وه‌‌ و تا كۆتایی‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و پله‌ی‌ گه‌رما به‌چه‌ند پله‌یه‌ك له‌ ئاستی‌ ئاسایی‌ به‌رزده‌بێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌كانی‌ ناوه‌ڕاست ‌و باشوری‌ عێراق.


كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌ی‌ عێراق ئه‌وه‌شی‌ راگه‌یاندوه‌: پێشبینی‌ ده‌كرێت له‌ شاره‌كانی‌ ناسریه‌‌ و به‌سره‌‌ و عه‌ماره‌‌ و سه‌ماوه ‌‌و نه‌جه‌ف پله‌ی‌ گه‌رما 50ی‌ سیلیزی‌ تێبپه‌ڕێنێت و سه‌باره‌ت هه‌رێمی‌ كوردستانیش چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ شاره‌كانی‌ هه‌رێم، پله‌ی‌ گه‌رما له‌ نێوان 45 بۆ 48 پله‌دا بێت.

ش.م