خالید عوبەیدی گرێبەستی 106 هەزار سەباز هەڵدەوەشێنینەوە

31/07/2016 - 12:45 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

وەزیری بەرگری عێراق ڕایگەیاند: گرێبەستی ئەو سەربازە هەڵاتوانەی موسڵ هەڵدەوشێنینەوە و سوپایەكی بچوكتر و تۆكمەتر بنیات دەنێین.


خالید عوبەیدی وەزیری بەرگری عێراق لە چاوپێکەوینێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی سەربازە هەڵاتوەكانی موسڵ بۆ ئەوەبووە جارێکیتر هەڵاتن ڕوونەدات، چونکە گەڕاندنەوەیان بۆ ناو وەزارەتەکە ڕێگا بۆ هەڵاتنی ئەوانی دیکەش خۆشدەکات .


خالید عوبەیدی وتیشی: پلانی وەزارەتەکە لە قۆناغی دوای داعش ئەوەیە سوپایەکی بچوکتر دابمەزرێنین کە بەشێوەیەکی باڵا مەشق و ڕاهێنانیان پێبکرێت و بەشوەیەکی تایبەت پڕچەکبکرێن و خێرابن لە ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆردا.

وەزیری بەرگری عێراق ئاماژەی بەوەشکرد حکومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگیان لەگەڵ حکومەتی ناوەنددا هەیەو دەربارەی سەرجەم داواکاریە سەربازیەکانی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری موسڵ ڕەزامەندیان نیشانداوە.

شایەنی باسە كە داعش لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤ هێرشی کردە سەر شاری موسڵ و نزیكەی ١٠٦ هەزار سەرباز و پۆلیسی عێراقی بە بێ شەڕکردن شارەکەیان جێهیشت، داعش شاری موسڵی کۆنتڕۆڵکرد و دواتریش پارێزگای سەلاحەدین و ئەنبار و بەشێک لە پارێزگای دیالەو بابلیان کۆنتڕۆڵکرد.