پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا دەستدرێژی کردە سەر پەرلەمانتارێكی بزوتنەوەی گۆڕان

31/07/2016 - 20:46 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە پەرلەمانتارێکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا هێرشی کردووەتە سەر.

ئەمرۆ چەند میدیایەكی عێراقی بڵاویان کردووەتەوە، كە ئەمرۆ رۆژی یەکشەممە 31ـی تەمموزی 2016 سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری گۆڕان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هۆکاری ”هێرشەکە“ی بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی مەیسوون دەمەلۆجی وەک سەرۆکی لیژنەی راگەیاندن و رۆشنبیریی پەرلەمان گەڕاندووەتەوە.

سروە عەبدولواحید رایگەیاندووە، کە فازڵ کینانی، پەرلەمانتاری ئیتیلافی دەوڵەتی یاسا، کە نووری مالیکی سەرۆکایەتیی دەکات لە ناو هۆڵی پەرلەمان ”هێرشی“ کردووەتە سەر.

لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا سروە وتی : كە دوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی مەیسوون دەمەلۆجی وەک سەرۆکی لیژنەی راگەیاندن و رۆشنبیریی پەرلەمان ،  فازڵ کینانی، پەرلەمانتاری ئیتیلافی دەوڵەتی یاسا، تورە بووە و ئاماژەی بوە داوە چۆن دەبێت یەكێك ببێتە سەرۆكی لێژنەی راگەیاندن و رۆشنبیری كە یەك كتێبی نەخوێندۆتەوە.

سروە عەبدولواحید  ئاماژەی بەوەشداوە كە فازڵ کینانی پێ وتوە (ئەگەر ئافرەت نەدەبووی ، لێدانێكم بۆت دەكرد و باشتر ئیهانەتم دەكرد)، دواتر کینانی هێرشی كردۆتەوە سەر شوان داودی پەرلەمانتاری یەكێتی و دەست بە شكاندنی شت و مەكەكانی ژووری لێژنەی راگەیاندن و رۆشنبیری كردوە.