داهاتی نەوتی مانگی رابردو ئاشكرا كرا

01/08/2016 - 16:58 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند مانگی رابردوو زیاتر لە 99 مایۆن بەرمیل نەوتیان هەناردە كردوەو داواتەكەشی نزیكەی چوار ملیار دۆلار بووە.

عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق لەبەیاننامەیەكدا  رایگەیاندوە: بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان مانگی تەموزی رابردوو لەڕێگەی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ)وە لەكێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشوری عیراقەوە بڕی 99 ملیۆن و 266 هەزارو 184 بەرمیل نەوت هەناردەكراوە.

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق ئاماژەی بەوەشداوە داهاتی ئەو نەوتەی لەمانگی تەموزدا فرۆشراوە گەیشتوەتە سێ ملیارو 743 ملیۆن و 867 هەزار دۆلارو نرخی هەر بەرمیلێك نەوتیش بە 37 دۆلارو 71 سەنت فرۆشراوە.

عاسم جیهاد رونیشكردوەتەوە كە تێكڕای نەوتی هەناردەكراوی رۆژانە لەبەندەری باشورەوە بە بەراورد بە مانگی حوزەیران بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوەو لەهەر رۆژێكدا بڕی سێ ملیۆن و 202 هەزار بەرمیل هەناردەكراوە، بەڵام بەهۆی پابەند نەبوونی حكومەتی هەرێم بەڕێككەوتنی نەوتی لەگەڵ حكومەتی ناوەند لەرێگەی كێلگە نەوتیەكانی باكورەوە هیچ بڕە نەوتێك هەناردەی بەندەری جیهانی توركیا نەكراوە.


ڕێبین عەلی