بە پێنج لایەن لێكۆڵینەوە لەم گەندەڵییە دەكەن

02/08/2016 - 16:32 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

ئەندامێكی لیژنەی دەستپاكی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: چوار لایەن لێكۆڵینەوە لەو گەندەڵیە دەكەن كە وەزیری بەرگری، خالید عوبێدی لە دانیشتنەكەی دوێنێی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاشكرای كرد .

رێبوار تەها، ئەندامی لێژنەی دەستپاكی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: "لیژنەی دەستپاكی داوای فەرمی ئاراستەی سەرۆكایەتی كۆمار، ئەنجوومەنی وەزیران، دیوانی چاودێری دارایی، دەستەی دەستپاكی گشتی كردووە، تا بەشداری بكەن لە لێكۆڵینەوەكان".

ئەندامەكەی لیژنەی دەستپاكی ئاشكرایشی كرد، لیژنەكەیان بە ئامادەبوونی وەزیری بەرگری، خالید عوبێدی لێكۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەلیم جبووری و ئەو پەرلەمانتارانە دەكات كە بە تێوەگلان لە ئەنجامدانی گەندەڵی لە گرێبەستەكانی وەزارەتی بەرگری ناویان هاتووە.

رێبوار تەها دەشڵێت، بۆ دەستپێكردنی لێكۆڵینەوە، لیژنەی دەستپاكی چاوەڕوانی وەرگرتنی ناوی تۆمەتبارانە.

هاوكات دەیان چالاكوانی مەدەنی لە بەغدا بۆ خۆپیشاندان گردبوونەوە و داوایان كرد، لێكۆڵینەوە لەو گەندەڵییانە بكرێت كە وەزیری بەرگری، خالید عوبێدی لە دانیشتنی دوێنێی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاشكرای كرد .

خۆپێشاندەران بە بەرزكردنەوەی دروشمەكانیان داوای ئەوەیان كرد، ئەوانەی لەو گەندەڵییانە تێوەگلاون بدرێنە دادگا.

هەر ئەمڕۆ سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رایگەیاند كە گەشتكردن بۆ دەرەوە لەو بەرپرسانە قەدەغە كرد كە لە دانیشتنی دوێنێی ئەنجوومەنی نوێنەران لەلایەن وەزیری بەرگری، خالید عوبێدی بە تۆمەتی گەندەڵی ناویان ئاشكرا كرا.

دوێنێ‌، عەبادی داوای لە دەستەی دەستپاكی گشتی كرد، بەپەلە لێكۆڵینەوە لە تۆمەتی ئەو گەندەڵییە بكات كە عوبێدی دوێنێ‌ لە دانیشتنی لێپرسینەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەران خستیە پاڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەلیم جبووری و ژمارەیەك پەرلەمانتار.

لە دانیشتنی دوێنێی ئەنجوومەنی نوێنەران، وەزیری بەرگری عێراق، خالید عوبێدی كە بۆ لێپرسینەوە بانگهێشتی دانیشتنەكە كرابوو سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەلیم جبووری و ژمارەیەك پەرلەمانتاری بە گەندەڵی لە گرێبەستەكانی وەزارەتی بەرگری تۆمەتبار كرد و رایگەیاند، لە بەرامبەر داخستنی بابەتی لێپرسینەوە لە گرێبەستەكانی كڕینی چەك، جبووری و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارەكان وەك بەرتیل داوای دوو ملیۆن دۆلاریان كردووە.

 

م. كانی