قەدەغەكردنی‌ سەفەری‌ دەرەوەی‌ وڵات، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ناگرێتەوە

04/08/2016 - 08:48 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

لە دوای دەرچوونی بڕیاری قەدەغەكردنی‌ سەفەری‌ دەرەوەی‌ وڵات بۆ چەند بەرپرسێكی حكومەتی عێراق كە سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی تێدا بوو، بە گوێرەی نوسراوێك ئەو بڕیارە سەلیم جبوری ناگرێتەوە.

 

بە گوێرەی نوسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ ڕەگەزنامەی‌ عێراق فەرمانی قەدەغەكردنی‌ سەفەری‌ دەرەوەی‌ وڵات بۆ هەشت ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرچووە بەڵام ئەو نوسراوە ناوی سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی تێدا نیە و ناوی هەریەكە (محەمەد ناسر دلی‌، ، حەنان فەتلاوی‌، عالیە نوسەیف، تاڵیب عەبدولكەریم ، محەمەد ڕێكان حەمید عەلی‌ ، حەیدەر نوری‌ سادق، موسەننا عەبدولسەمەت سامەرائی‌، هەیەسم قاسم شەغاتی) تێیدا هاتووە كە سەفەری دەرەوەی وڵاتیان لێ قەدەغە كراوە.

 

جێگای ئاماژە بۆ كردنە لە دانیشتنی ڕۆژی دووشەممە 1-8-2016ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق میوانداری لە خالید عوبێدی‌ وەزیری‌ بەرگری‌ عێراق كردو ناوبراو ناوی چەند كەسێكی بە تۆمەتی گەندەڵی ڕاگەیاند كە تێیدا سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران عێراقی تێدابوو و ناوبراویش دانیشتنەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بە جێهێشت.

 


سەلام بێستانسوری