وەزارەتی بازرگانی عیراق هاوردەكردنی هەندێك كاڵای خۆراكی ئوردن قەدەغە دەكات

04/08/2016 - 11:18 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

سەرۆكی یەكێتی بازرگانی ماددە خۆراكیەكانی ئوردن نیگەرانی خۆی لە بڕیارێكی حكومەتی عێراق ڕاگەیاند كە بەشێك لە هاوردەكردنی كاڵای خۆراكی ئوردنی قەدەغەكردو وتیشی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عیراق‌ و ئوردن بەڕێژەی لەسەدا 30 كەمی كردووە.

 

خەلیل حاجی تۆفیق سەرۆكی یەكێتی بازرگانی ماددە خۆراكیەكانی ئوردن لە ڕاگەیەندراوێكدا، ڕایگەیاند: قەدەغەكردنی بەشێك لە كاڵا خۆراكیەكانی ئوردن لە لایەن عێراقەوە هەوڵێكە بۆ لەكەداركردنی ناوبانگی پیشەسازی ئوردن‌و كردنەوەی بازاڕی عیراق بۆ هەندێك وڵاتی تر.

 

هەروەها خەلیل حاجی تۆفیق سەبارەت بە كاڵاخۆراكیەكانی وڵاتەكەی ئەوەی خستەڕوو: ئێمە كاڵاكانمان بە كواڵیتیەكی بەرز بەرهەم دەهێنین‌ و بەهۆی شەڕی دژی داعشەوە ئاڵوگۆڕی نێوان عێراق و ئوردون بەر ِێژەی لە %30 دابەزیوە و ئەم بڕیارەی وەزارەتی بازرگانی عێراقیش ئەوەنەی تر ئاڵوگۆڕێ نێوان هەردو وڵات دادەبەزێنێت.

 

جێگای ئاماژە بۆكردنە لە كۆتای مانگی تەمموزدا وەزارەتی بازرگانی عیراق بەلیستێك هاوردەكردنی هەندێك كاڵای خۆراكی لە ئوردنەوە قەدەغە كرد.

 

 


سەلام بێستانسوری