حەشدی شەعبی: بەشداری لە شەڕی ئازادكردنەوەی موسڵ دەكەین

05/08/2016 - 18:41 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی


وێڕای ناڕەزا بوونی پارێزگاری موسڵ و ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ لە بەشداری كردنی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە شەڕی ئازادكردنەوەی پارێزگاكەیاندا وتەبێژی فەرمی ئەو هێزانە ڕایدەگەیەنێت ئەو ناڕەزاییانە كاریان تێناكات و بەشداری شەڕەكەش دەكەن.


ئەحمەد ئەسەدی ، وتەبێژی فەرمی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: وەك چۆن بەشداری ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی ناوچەكانی دیكەی عێراقیان كردوە بە هەمان شێوەش هێزەكانیان بەشداری شەڕی ئازادكردنەوەی موسڵ دەكەن و هێزەكانیشیان لە ئەزمونی شەڕی داعشدا بە توانان وێڕای جیاوازبوونی شەڕی ئەو شارە لەگەڵ شەڕی ئازادكردنەوەی ناوچەكانی دیكەدا.


وتەبێژەكەی حەشدی شەعبی كە لێدوانی بۆ ماڵپەری (غەد پرێس) داوە ڕاشیگەیاند: هەرچەندە لێرەو لەوێ‌ هەندێك لایەنی ناوخۆی عێراقی نیگەرانی خۆیان لە بەشداربوونی هێزەكانمان لە شەڕی ئازادكردنەوەی موسڵدا دەربڕیوە بەڵام ئەو نیگەرانیانە كاریان تێناكات و هەموو ئەو هەڵە تێگەیشتانەش لە بارەی ئێمەوە دەیخەنەڕو دەچێتە خانەی بەرژەوەندیەكانی داعشەوە.


جێی ئاماژەیە پێشتر بەشێك لەلایەنە سونەكانی عێراق و پارێزگاری موسڵ ئاماژەیان بۆ ئەوە كردبوو كە ڕێگەنادەن هێزە شیعەكانی (حەشدی شەعبی ) بەشداری شەڕی ئازادكردنەوەی پارێزگای موسڵ بكەن.