به‌رپرسێكی عێراقی سزای یەک ساڵ زیندانی کردنی بۆ ده‌ركرا

09/08/2016 - 13:33 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

دەستەی دەستپاكی عێراق رایگه‌یاند "بەهۆی بەزاندنی دەسەڵاتەكانی، سزای یەک ساڵ زیندانی کردن بۆ هەڵسوڕێنەری پێشووی كاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە قەتەر دەركرا".

دەستەی دەستپاكی لە عێراق له‌ بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە سزای یەك ساڵ بەندكردن بۆ هەڵسوڕێنەری پێشووی كاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە قەتەر دەرچوو بەهۆی ئەوەی کە لە كاتی جێبەجێكردنی كارەكانیدا، دەسەڵاتەکانی بەزاندووە.

ئاماژەی بەوەكردەوە کە دادگای تایبەت بە پرسەكانی دەستپاكی و تاوانی ئابووری و شووشتنەوەی پارە بەپێی ماددەی 331 لە یاساكانی سزدانی عێراقی، بەبێ‌ ئامادەبوون، سزای یەك ساڵ بەندكردن بۆ هەڵسوڕێنەری پێشووی كاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە قەتەر تاوانبار ( ع.ت.ع) دا دەركرد، بەهۆی ئەوەی لە ماوەی جێبەجێكردنی كارەكانیدا دەسەڵاتی كارەكانی بەزاندووە.

لە بەیاننامەكەدا ئه‌وه‌ش هاتووە: "تاوانبار لە ماوی وەرگرتنی پۆستی هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە قەتەر، دەسەڵاتە گشتییەکانی لە رێگەی تەرخانكردنی دەرماڵە بۆ ئەو خوێندكارانەی عێراق كە لە كۆلێژی قەتەر بۆ زانستەكانی فڕۆكەوانی وەرگیرابوون بەزاندووە بەبێ‌ هیچ یاسایەك كە ئەو دەسەڵاتەی پێبدات".

ئاشكراشی كردووه‌ : دادگا هەموو ئەو بەڵگانەی لەبەردەستدایە كە خودی هاوسەری تاوانباری هەڵاتوو لە دادگا بە قسە و گوتەكانی سەلماندوویەتی، ئەو بەڵگانەیش بەسن بۆ ئەوەی هەلسوڕێنەری كاروباری پێشووی باڵیۆزخانەی عێراق لە قەتەر پێی تاوانبار بكرێت.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌ : لەچوارچێوەی سزای بەندكردنەكە بەسەر تاوانباری هەڵاتوودا، دەست بەسەر پارە گواستراو و جێگرەكانی تاوانبارەكە دەگیرێت و رێگەیش بە لایەنی زیان لێكەوتوو دەدرێت كە داوای قەرەبوو بكات دوای ئەوەی بڕیاری دۆسیەكە لە دادگا یەكلایی دەكرێتەوە.

 

هونه‌ر بانه‌گوڵانی