لەم شوێنەی عێراق ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوان لەدژی داعش دەستی پێكرد

09/08/2016 - 16:35 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

ئەفسەر بەپلەی رائد لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلە، ریاز حەمید رایگەیاند كە هێزەكانی عێراق ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانیان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی دوا شوێنی تیرۆریستانی داعش كە 60 كیلۆمەتر دەكەوێتە رۆژهەڵاتی دیالە دەستپێكردووە .
 
ناوبراو وتی: "بەیانی ئەمڕۆ، هێزەكانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلە لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی سامەڕا و چەكدارانی حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانیان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەی دۆڵی عوزێم لە رۆژهەڵاتی پارێزگای دیالە دەستپێكرد".
 
ئەفسەرەكە باسی لەوەیش كرد، ناوچەی دۆڵی عوزێم دوا شوێنی تیرۆریستانی داعشە لە سنووری دیالە كە دەكەوێتە نزیك ناوچەی مەتیبجیە لە سنووری پارێزگای سەڵاحەددین.
 
ئاماژەی بەوەش كرد: "تیرۆریستانی داعش، لە ناوچەی مەتیبجیەوە هەوڵدەدەن بێنە ناو دیالەوە بۆ ئەوەی هێرش بكەنە سەر هێزەكانی ئەمنی، بۆیە كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكە زۆر گرنگە تا رێگا لە هاتنە ناوەوەی تیرۆریستانی داعش بۆ ناو دیالە بگیرێت".
 
ساڵی رابردوو هێزەكانی ئەمنی عێراق بە پشتیوانی چەكدارانی سوننە و حەشدی شەعبی، توانیان زۆربەی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش لە باكوور و رۆژهەڵاتی دیالە كۆنترۆڵ بكەنەوە.
 
م. كانی