سیستانی هاوکاری گەیاندە کامپی ئاوارەکانی گەیارە

05/09/2016 - 12:02 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

نوێنەری مەرجەعی باڵای شیعەکان کۆمەک و هاوکاری گەیاندە کامپی ئاوارەکان لە گوندی تینای سەر بە شارەدێی گەیارە کە نزیکەی 3 هەزار خێزانی تێدا دەژیت و بەشی زۆری ئەو ئاوارانەش ژن و منداڵن.

کۆمەڵەی فریاکەوتن کە مەرجەعی باڵای شیعەکان ەلی سیستانی راستەوخۆ سەرپەرشتی دەکات و نوێنەری ئەو مەرجەعەش ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان کۆمەک و هاوکاری دەگەیەننە هەر جێگایەک کە پێویست بێت و هاوکات پێی وایە بارودۆخی عێراق بە جۆرێکە ناتوانن لەیەک کاتدا فریای تەواوی ئاوارەکان بکەون.

نوێنەری مەرجەعی باڵای شیعەکان، شێخ عەلائەدین روبێعی لە لێدوانێکی وتی: بەهۆی ئەو بارودۆخەی رووبەڕووی عێراق بووەتەوە وایکردووە کۆمەڵێک هاوڵاتی بەهۆی ئەو بارودۆخەوە دەربەدەر ببن و ئێمەش لە رێگای کۆمەڵەی فریاکەوتن توانیمان کۆمەک و هاوکاری بەسەر 3 هەزار خێزان دابەش بکەین.

سەبارەی بە چۆنیەتی دابەشکردنی ئەو کۆمەک و هاوکارییەی كە لەلایەن کۆمەڵەی فریاکەوتن پێشکەش بە ئاوارەکان دەکرا، شێخ عەلائەدین روبێعی وتی: لێرە بەپێی پسوولەی خۆراک کەلوپەل و پێداویستییەکانی وەکو جلوبەرگی منداڵان دابەش دەکەین.

ئەو کۆمەک و هاوکارییە بریتیی بوو لە کەلوپەلی خۆراکی وەکو برنج و شەکر و خوێ و فاسۆلیا و نیسک و دۆشاوی تەماتە، جگە لەوەش بۆ هەر خێزانێک بەپێی پسوولەی خۆراک جلوبەرگی منداڵانیان دابەش کرد.

کامپی گوندی تینا نزیک شارەدێی گەیارەیە و خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری گەیارە لەترسی گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش لەو کامپە نیشتەجێ كراون کە ژمارەیان 3 هەزار خێزان دەبێت و زۆربەیان ژن و منداڵن، ئەمڕۆش لەلایەن کۆمەڵەی فریاکەوتن کە مەرجەعی باڵای شیعەکان سەرپەرشتی دەکات، کۆمەك و هاوکاری گەیاندرایە ئەو کامپە کە نزیکەی 5 کیلۆمەتر لە شارەدێی گەیارە دوورە.

جێی ئاماژەیە دوای دوو ساڵ لە داگیرکردنی، لە رۆژی 25/8/2016 شاردەێی گەیارەی سەر بە پارێزگای مووسڵ لەلایەن سوپای عێراق کۆنتڕۆڵ کرایەوە، بەر لە كۆنتڕۆڵكردنەوەیشی چەكدارانی داعش بیرەکانی نەوتی شارەدێیەكەیان بۆمبڕێژ كرد و تەقاندنیانەوە تاوەکو ئێستاش بەوهۆیەوە دووکەڵێکی زۆر ئاسمانی ئەو ناوچەیەی تەنیووە.