وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق ڕێنمایی تایبەت بە پۆشینی جلوبەرگی قوتابیان دەردەكات

29/10/2016 - 07:42 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی عێراق ڕێنمایی تایبەت بە پۆشینی جلوبەرگی زانکۆ و پەیمانگاکانی بڵاوکردەوە، جلوبەرگی قوتابیان یەك دەخات و هەركەسێكیش پابەندی نەبێت رێگەی نادرێت بچێتە كۆلیژەكان.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بڵاویکردەوە، جلوبەرگی قوتابی کوڕان، پێویستە کراسی سپی و بلوزی رەساسی یان شین یان نیلی یاخود رەش لەبەربکەن، لەگەڵ پانتۆڵێک کە نابێت تەسک بێت.
سەبارەت بە جلوبەرگی زانکۆ بۆ قوتابی كچ، پێویستە تەنورە لە خوار ئەژنۆوە بێت و تەسک نەبێت، بە رەنگی ڕەساسی و نیلی و ڕەش، بلوزیش بە هەمان رەنگەکانی پێشوو، بۆکراسیش پێویستە سپی بێت، ئەوانەی کە موحەجەبە لەبەردەکەن، پێویستە پابەندی رەنگی ڕەش و نیلی و ڕەساسی بن، کە دەکرێت لەکاتی بۆنەکاندا بە تەنها رەنگی رەش لەبەربکرێت، هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، کە پێویستە پێڵاوی کچان بنەکەی لە ٥ سانتیمەتر زیاتر نەبێت، لە کاتێکدا لەبەرکردنی پانتۆڵ بۆ کچان بە تەواوی قەدەغە کردووە.


لە بەیاننامەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقدا ئاماژە بەوەکراوە، هەر کەسێک پابەندی بەو ڕینماییانەی لەبەرکردنی جلوبەرگ نەبێت، ڕێگەی پێنادرێت بچێتە کۆلێژەکان.
شایەنی باسە دەرکردنی ئەو بڕیارە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە لە کاتێکدایە، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، لە ناوەندە جیاجیاکانی خوێندن لەبەرکردنی جلوبەرگ لەلایەن قوتابیانەوە ئازاد بووە.

ش.م