ھۆكاری راگرتنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوە مووسڵ ئاشكرا دەكرێت

29/10/2016 - 09:04 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی چەكدارانی داعش ئاشكرای كرد، بە مەبەستی پاككردنەوەی چەند ناوچەیەك لە بۆمبە چێندراوەكان، سوپای عێراق بۆ چەند رۆژێك پێشرەویەكان رادەگرێت.

جۆن دۆریان گوتەبێژی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، رۆژی ھەینی لە كۆنفراسێكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ھێزە عێراقیەكان بە شێوەیەكی كاتی ھێرشەكانیان لە ئوپەراسیۆنی كۆنترۆڵكرنی مووسڵ رادەگرن.

گوتەبێژی ھاوپەیمانی دژی داعش، ئاماژەی بەوە كرد، ھێزە عێراقیەكان بە مەبەستی خۆ رێكخستنەوە و پاككردنەوەی ناوچە بۆمبڕێژكراوەكان بۆ ماوەیەك رادەوەستن و ئەمەش چەند رۆژێك دەخایەنێت، دوای ئەو ماوەیە ئۆپەراسیۆنەكە دەستپێدەكاتەوە.

پێشمەرگە و ھێزەكانی عێراق و ھێزەكانی ھاوپەیمانان ماوەی 12 رۆژە دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكرنەوەی مووسڵ كردووە و تا ئێستا ناوچەیەكی بەرفراوانیان كۆنتڕوڵكردووەتەوە.