ئەنجامدەری هێرشە ئاسمانییەكەی داقوق ئاشكرابوو

29/10/2016 - 09:09 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

سەرۆكی لیژنەی ئەمنی و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرای دەكات بەپێی ئەنجامی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان لەبارەی هێرشی سەر پرسەكەی قەزای داقوق، ئەنجامدەرەكەی ئاشكرا بووە.

حاكم ئەلزاملی سەرۆكی لیژنەی ئەمنی و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: بەپێی ئەنجامی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان لەسەر هێرشەكە، ئاماژە هەیە كە فڕۆكەیەكی سەر بە عیراق هێرشەكەی ئەنجام دابێت.
حاكم زاملی لە سەردانێكیدا بۆ كەركوك، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: لیژنەیەك لە پەرلەمان و لیژنەیەكی دیكەش لەلایەن حكومەتەوە بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە پێكهێنراوە.
سەرۆكی لیژنەی ئەمنی و بەرگری وتیشی: ئەوانەی هۆكارن بۆ خوێنڕشتن لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، بەمنزیكانەش ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئاشكرا دەكرێن.


شایەنی باسە رۆژی هەینی رابردوو هێرشێكی ئاسمانی كرایە سەر پرسەیەك لە قەزای داقوق و بەپێی روونكردنەوە نافەرمییەكان 11 كەس كوژراون و 60 كەسیش بریندار بوون.
دوای روداوەكەش هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دوپاتیكردۆتەوە، كە هێرشەكە لەلایەن فڕۆكەكانیانەوە ئەنجام نەدراوە و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراقیش بڕیاری دا لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە پێكبهێنرێت.

ش.م