حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ هێرشی بۆ سەر موسڵی‌ ده‌ستپێكرد

29/10/2016 - 09:43 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

ئه‌مڕۆ شه‌ممه 29ی تشرینی یەكەمی 2016 حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ‌ده‌ستپێكردنی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ به‌ئاڕاسته‌ی‌ میحوه‌ری‌ خۆرئاوای‌ موسڵ راگه‌یاند، به‌ مەبەستی‌ رزگاركردنی‌ روبه‌رێكی‌ به‌رفراوان له‌ده‌ست داعش.

له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دی‌ وته‌بێژ به‌ناوی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ رایگه‌یاند: به‌ره‌به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ قۆناغی دووه‌می‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ گه‌وره‌ له‌ میحوه‌ری‌ خۆرئاوای‌ شاری‌ موسڵ ده‌ستیپێكرد، حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ئاماده‌یه‌ بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌كان.

ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دی‌ وتیشی‌: له‌ئێستادا چه‌كداره‌كانی‌ حه‌شد به‌ره‌و ئامانجه‌ ستراتیژییه‌ دیاریكراوه‌كانیان ده‌ڕۆن و ئەو هێرشە، هاوكاتە لەگەڵ پێشڕەوی هێزە عیراقیەكان‌و پێشمەرگە بەرەو شاری موسڵ، كە تائێستا دەیان ناوچەیان لەباكور‌و رۆژهەڵات‌و باشوری پارێزگای نەینەوا لەژێر دەستی داعش دەرهێناوە.

دیارترین ئامانجی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا رزگاركردنی‌ قه‌زای‌ ته‌له‌عفه‌ره‌ كە دووساڵ لەمەوبەر كەوتە دەستی داعش، بەگەورەترین قەزای عیراق هەژماردەكرێت‌ و 30 كیلۆمەتر لە خۆرئاوای موسڵەوە دوورە، ژمارەی دانیشتوانەكەی بەگوێرەی دوا ئاماری ساڵی 2014 نزیكەی 200 هەزار كەسە‌و زۆرینەیان لەپێكهاتەی نەتەوەیی توركمانن.

ش.م