ساڵی 2016 بە ساڵی خوێناوی لە عێراق ناسرا

13/01/2017 - 08:50 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

 

كۆمەڵەیەكی توێژەر كە ئاماری قوربانیـیەكانی ناو عێراق كۆدەكاتەوە، رایگەیاندووە : بەهۆی توندووتیژی و ئۆپەراسیۆنی سوپا، زیاتر لە (16) هەزار هاوڵاتی مەدەنی لە ماوەی ساڵی رابردوو كوژراون.

كۆمەڵەی (Iraqi Body Count) كە بارەگاكەی لە بەریتانیایەو ڕێكخراوی ناحكومییە و لەساڵی (2003) ەوە ئاماری كوژراوانی مەدەنی لەعێراق بڵاودەكاتەوە رایگەیاندووە، لە پارێزگای نەینەوا زیاتر لە نیوەی قوربانیـیەكان لەوێ كەوتوونەتەوە، بەپـێی زانیارییەكانی كۆمەڵەكە (7431) كەس لەو پارێزگایە كوژراون، پاشان بەغدای پایتەخت بە پلەی دووەم دێت كە لەوێش (3714) كەس كوژراون.


ڕاپـۆرتەكە باس لەوەش دەكات بەراورد بە دوو ساڵی پـێشتر ژمارەكە كەمبۆتەوە، ساڵی (2015) زیاتر لە (17578) كەس كوژراون و ساڵی (2014) ژمارەكە بۆ (20218) بەرز بۆتەوە

كۆمەڵەكە دەڵێت، زیاتر ئەو خەڵكە مەدەنییە بە پـێنج شێوە گیانیان لەدەسـتداوە، لەسێدارەدان بە دەستی میلیشیاكان، هێرشی خۆكوژی، تەقینەوە، شەڕە تەقە، تۆپـباران و هێرشی ئاسمانی، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات لە ماوەی ساڵی ڕابردوو نیوەی قوربانیـیەكان بە لەسێدارەدان و شەڕە تەقە گیانیان لەدەسـتداوە.

جێگەی ئاماژەیە ڕاپـۆرتی ئەم كۆمەڵەیە بڵاوكرایەوە لە پاش چەند ڕۆژێـك لە ڕاپـۆرتی ئۆفیسی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (یونامی) كە تێیدا نووسراوە ((6878) كەسی مەدەنی لە تووندوتیژیـیەكانی ساڵی رابردوو لە عێراق كوژراون، ژمارەكە ئەو قوربانیـیانەی تێدا نیـیە كە لە پارێزگای ئەنباری ڕۆژئاوای عێراق كەوتبوونەوە لە مانگەكانی پـێنج و شەش و هەشت و دوازدە.

 

ئـ . كـ