"ئەبوعومەر ھۆڵەندی" کوژرا

13/01/2017 - 23:20 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

ھەواڵگری سەربازی عێراق رایگەیاند, بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی داعش لە موسڵ کوژرا، پاش ئەوەی ھێزەکانی عێراق ئەمڕۆ زۆرترین پێشڕەوییان لە قوناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی موسڵ كردووه‌.

ھەروەھا ھێزەکانی عێراقی ئاشکرایان کردووە کە ئەبو خەتیب سعوودی بەرپرسی خۆکوژەکانی داعش لە موسڵ کوژراوە, ئەمەش لەوکاتەی ھێزەکانی عێراق گەڕەکی "کەفاتەی یەکەم"یان لە بەری چەپی مووسڵ کۆنترۆڵکردووه‌تەوە.

ھەر ئەمڕۆ ھەینی، "تایل بیل مۆنتی" ناسراو بە "ئەبوعومەر ھۆلەندی" بەرپرسی چەکدارە بیانییەکانی داعش کوژرا.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی موسڵ، عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا, رایگەیاند ھێزەکانی دژە تیرۆر کۆمەڵگەی کارگێڕی مووسڵیان کۆنترۆڵکرد، لەوانە باڵەخانەی پارێزگا، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، باڵەخانەی قایمەقاميیەتی مووسڵ و فەرمانگەکانی کشتوکاڵ, پلاندان, ئاوەدانکردنەوە و خانوونەبەرە و ئاڵای عێراقیان لە سەر باڵه‌خانه‌كان بەرز کردەوە.