‌داعش چه‌كداره‌ بریندارەكانی خۆی ده‌كوژێت

چوار شەممە, 19 نیسان 2017 12:36

 

سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌واڵگری له‌ شاری موسڵه‌وه‌ رایگه‌یاند: رێكخراوی داعش ئه‌و چه‌كداره‌ بریندارانه‌ی خۆی دەكوژێت‌ كه‌ توشی نه‌خۆشیی گانگرین بوون.

سایتی سۆمه‌ریه‌ نیوز بڵاویكردۆ‌ته‌وه‌، له‌ به‌ری راستی موسڵ داعش ماڵه‌كانی كردۆ‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی برینداره‌كانی، چونكه‌ رێژه‌ی برینداره‌كان ئه‌وه‌نده‌ زۆرن كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌كان جێگه‌یان نابێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاشكراشیكردووه‌ كه‌ سه‌ره‌ڕای زۆری ژماره‌ی برینداره‌كان، داعش كێشه‌ی كه‌میی ده‌رمان و پێداویستیی پزیشكیشی هه‌یه‌ ته‌نانه‌ت پێداویستییه‌ پزیشییه‌كه‌ ساده‌ و سه‌ره‌تاییه‌كانیش لای ئه‌و رێكخراوه‌ كه‌مبۆ‌ته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌ هه‌واڵگرییه عێراقییەكان ئاماژه‌ییان به‌وه‌شداوه‌ كه‌ به‌هۆی كه‌میی ده‌رمان و كه‌مبوونه‌وه‌ی كارمه‌ندانی ته‌ندروستی، داعش ناچار بووه‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ی خۆی بكوژێت كه‌ برینداربوون یان به‌هۆی برینه‌كه‌یانه‌وه‌ توشی نه‌خۆشیی گانگرین بوون.

دوای ده‌ستكردن به‌ ئۆپراسیۆنی رزگاركردنه‌وه‌ی به‌ری راستی موسڵ، داعش ژماره‌یه‌كی زۆر له‌و چه‌كدارانه‌ی خۆی كوشتووه‌ كه‌ له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕ هه‌ڵاتوون و ده‌ستیش له‌ كوشتنی چه‌كداره‌ برینداره‌كانی ناپارێزێ و به‌بێ دوودڵی ده‌یانكوژێت.

 

ش.م