گەڕان بەدوای تەرمەكانی موسڵ كۆتایی هات

28/06/2019 - 05:17 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

 

هێشتا سەدان تەرم لە ژێر داروپەردوی خانووە روخاوەكانی موسڵدا ماون، بەڵام هیچ كەسێك نیە دەریانبهێنێتەوە، تەنیا ئەگەر ببێتە هۆی بێزاری خەڵك.

پرۆسەی هەڵگرتنەوەی تەرمەكان لە نەینەوا، لە ئایاری 2018 دا بە فەرمی دەستیپێكردو لەرێگەی گروپە حكومی و خۆبەخشەكانەوە، روفاتی نزیكەی پێنج هەزار مەدەنی و چەكداری داعش هەڵگیرانەوە.

عەقید (حوسام خەلیل عەبد) بەڕێوەبەری گشتی بەرگری شارستانی پارێزگای نەینەوا بۆ كەركوك ناو وتی، لە قوناغی یەكەمدا تەنیا تەرمی هاوڵاتیانی سڤیل هەڵگیرانەوە كە ژمارەیان گەیشتە دوو هەزارو 67 كەس، دواتر پرۆسەكە بۆ تەرمی چەكدارانی داعش بوو كە دوو هەزارو 850 تەرم لەو قۆناغەدا هەڵگیرانەوە.

تیمی هەڵگرتنەوەی تەرمەكان، بە بڕیاری سەرۆك وەزیرانی عێراق پێكهێنرا لە بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی، شارەوانی و تەندروستی.

هەڵمەتی هەڵگرتنی تەرمەكان بە رێژەی (95 – 98%) تەواو بووە، بەڵام مانای ئەوەنیە هەڵمەتە بە یەكجاری كۆتایی هاتبێت، بەڵكو ئێمە بەردەوامین و هەركاتێك خەڵك پەیوەندیمان پێوەبكەن دەستبەجێ تیمەكانمان تەرم هەڵدەگرنەوە.