بۆری نەوتی كەركوك - جەیهان لەسنووری موسڵ ئاگری گرت

03/07/2019 - 20:49 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

 

بەهۆی بۆمبێكی چێنراوەوە بۆری نەوتی كەركوك-جەیهان لە سنوری موسڵ تەقێنرایەوە و بەو هۆیەوە هەناردەی نەوتی كەركوك ڕاگیرا.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە سنوری پارێزگای موسڵ، بۆمبێكی چێنراو بە بۆری هەناردەی نەوتی كەركوك-جەیهان تەقینرایەوە و بەپێی زانیارییەكان چەكدارەكانی داعش هەستاون بە دانانی ئەو بۆمبە.

سەرچاوەیەكی تایبەت لە كۆمپانیای نەوتی باكور لە كەركوك بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەشی باشوری شاری موسڵ بۆری نەوتی كەركوك-جەیهان تەقێنرایەوە و ئاگر لە بۆریەكان بەربووە، بەو هۆیەوە هەناردەی نەوتی كەركوك بۆ توركیا ڕاگیراوە.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی: بە پێی زانیارییەكان بۆمبەكە لە لایەن چەكدارەكانی داعشەوە دانراوە، لە ئێستاشدا تیمەكانی بەرگری شارستانی موسڵ سەرقاڵی كوژاندنەوەی ئاگرەكەن، تاكاتی چاككردنەوەی بۆریەكە هەناردەی نەوت لە كەركوك بۆ بەندەری جەیهان ڕادەگیرێت.