"دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی زۆرگه‌وره‌ و ترسناك له‌سه‌ر پینج په‌رله‌مانتاره‌ ئاشكرا بوو،ده‌درێنه‌ دادگا "

04/07/2019 - 10:44 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی
ده‌سته‌ی گشتی ده‌ستپاكی عێراق ئاشكرای كرد، كه‌ دۆسیه‌ی گه‌وره‌ی گه‌نده‌ڵی پێنج په‌رله‌مانتاری عێراقی هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ و داوایشی له‌ په‌رله‌مان كردووه‌ پارێزبه‌ندییان له‌سه‌ر هه‌ڵبگرێ، بۆ ئه‌وه‌ی دادگایی بكرێن، هاوكات ئاراسته‌كردنی دوو هه‌زار و 600 دۆسیه‌ی تریشی له‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی به‌رپرسانی عێراقه‌وه‌ بۆ دادگایی عێراق ڕاگه‌یاند.

ڕۆژنامه‌ی "سه‌باح"ی زمانحاڵی فه‌رمی حكوومه‌تی عێراق له‌ ژماره‌ی ئه‌مڕۆی خۆی دا له‌ زاری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی به‌ وه‌كاله‌ت بڵاوی كردۆته‌وه‌ كه‌ ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی ژماره‌یه‌ك دۆسیه‌ی هه‌ستیاری ڕه‌وانه‌ی دادگا كردووه‌، كه‌ له‌ به‌رپرسانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ پێك دێن و له‌ نێویشیان پێنج په‌رله‌مانتار بوونیان هه‌یه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ و دادگایش داوایان له‌ په‌رله‌مان كردووه‌ كه‌ پارێزبه‌ندییان له‌سه‌ر هه‌ڵبگیرێ، تا له‌به‌رده‌م دادگا ئاماده‌ بن.

ئاشكراشیكردوه‌: له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی هه‌موو دۆسیه‌كانیان خراوه‌ته‌ ڕو و ئاراسته‌ی دادگاش كراوه‌ و چاوه‌ڕێی هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندین و ئه‌وكات دادگا به‌ كاری خۆی هه‌ڵده‌ستێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردوه‌: ئه‌و دۆسیانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و پینج په‌رله‌مانتاره‌ ئاشكرا بووه‌، زۆر گه‌وره‌ و ترسناكن، بۆیه‌ پارێزبه‌ندییان لێ وه‌رده‌گیرێته‌وه‌ و ده‌خرێنه‌ به‌رده‌م دادگا تا سزای حه‌ق و یاسایان به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت.