داخستنی ماڵپه‌ڕ و په‌یجه‌ ساخته‌كان ده‌ستپێده‌كات

08/07/2019 - 11:28 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عیراق ڕایگه‌یاند به‌رده‌وامه‌ له‌ داخستنی ئه‌و ماڵپه‌ڕ و په‌یجه‌ ساختانه‌ی به‌ناوی وه‌زاره‌ته‌كه‌وه‌ نوسراو و هه‌واڵی ساخته‌ له‌ ئینته‌رنێت و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌.

له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عیراق ڕایگه‌یاندوه‌: كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌میندارێتی گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لیژنه‌ی داخستنی ماڵپه‌ڕه‌كان و وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندیه‌كان له‌ هاریكاریدایه‌ بۆ داخستنی سه‌رجه‌م ئه‌و ماڵپه‌ڕ و په‌یجانه‌ی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ساخته‌ن و به‌ناوی وه‌زاره‌ته‌وه‌ دروستكراون.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردوه‌: ئه‌و ماڵپه‌ڕ و په‌یج و ئه‌كاونتانه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م كاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌دا دروستبكه‌ن و راستییه‌كان بشێوێنن.

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عیراق به‌ڵێن ده‌دات لێپێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌دا بكات، كه‌ پروپاگه‌نده‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ناوخۆ هاوئاهه‌نگی ده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ی هه‌یبه‌تی په‌روه‌رده‌ بپارێزن.