لەم شارە قەیرانی بەنزین سەرهەڵدەدات

14/07/2019 - 09:14 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

 

بە درێژایی سەدان مەتر، ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێل بۆ چەند كاتژمێرێك رادەوەستن تا (40) لیتر بەنزین وەربگرن، ئەوەی ترسی خەڵكی زیاتر كردووە، قەیرانەكە بەردەوامی هەیەو هیچ چارەسەرێكیش دیارنیە.

نزیكەی هەفتەیەكە قەیرانی بەنزین رووی لە موسڵ كردووە، بەپێی بەدواداچوونەكانیش، بەنزینخانە حكومییەكان جمەیان دێت، لە هەندێك شوێن جگە لە ئۆتۆمبێل، لەرێی بەرمیل و جلیكانیشەوە خەڵك هەوڵی وەرگرتنی بەنزین دەدەن.

لقی نەینەوای كۆمپانیای بەرهەمە نەوتییەكان، لە (9) ی تەمموزی ئەمساڵەوە دابەشكردنی بەنزینی لە بەنزینخانە حكومییەكاندا كرد بە سیستەمی تاك و جوت، واتە ئەو ئۆتۆمبێلانەی كۆتا ژمارەیان تاك یان كۆیە هەر یەكەو لە رۆژێكی جیاوازدا بەنزین وەردەگرن.

یەكێكی تر لە چارەسەرەكانی ئەو كۆمپانیایە، بڕیارە لە سەرەتای ئەیلولدا بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەویش دابەشكردنی بەنزینە بەپێی كۆبۆن، بەپێی راگەیەندراوێكی كۆمپانیاكە.

بەشە بەنزینی پارێزگای نەینەوا بە گشتی، زیاتر لە ملیۆنێك لیترەو بەشێكی لە پاڵاوگەی موسڵەوە بەرهەمدەهێنرێت، كە هەر لیترێكی بە (430) دینار دەدرێتە شوفێر، لە كاتێكدا لە بەنزینخانە ئەهلیەكاندا لیترێك بە (750) دینارە.

بەپێی هەواڵێكی كەركوك ناو، لێپرسراوانی كۆمپانیای بەرهەمە نەوتییەكان، كە بەرپرسن لە دابینكردن و دابەشكردنی بەنزین، ئامادەنین هیچ لێدوانێك بۆ راگەیاندنەكان بدەن، لەسەروو هەموویانەوە بەڕێوەبەری لقی نەینەوای ئەو كۆمپانیایە، جگە لەوەش رێنادەن وێنە یان ڤیدیۆی وێستگەكان بگیرێت.

لەسەروبەندی سەرهەڵدانی قەیرانەكەدا، راگەیاندنی كۆمپانیای بەرهەمە نەوتییەكان لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك رەتیكردەوە هیچ قەیرانێك بوونی هەبێت و ئەو هەواڵەی بە دەنگۆی كەسانێك ناوبرد كە بەوتەی ئەوان هەوڵی چاندنی پڕوپاگەندەی ئامانجدار دەدەن.