باڵیۆزی سعوودیە لە بەغداد ڕایدەگەیەنێت: لە دوای ٢٩ ساڵ، تاكە دەروازەی سنووریی نێوان عێراق و سعوودیە دەكرێتەوەو كاری بازرگانیی و هاتوچۆ لێیەوە دەستپێدەكاتەوە.
عەبدولعەزیز شەممەری باڵیۆزی سعوودیە لە بەغداد بە كەناڵی ئەلعەرەبیەی ڕاگەیاند: بڕیارە لە بەرواری 15 تشرینی یەكەمی داهاتوودا دەروازەی سنووری عەرعەر كە تاكە دەروازەی سنوری نێوان سعودیەو عێراقە بەفەرمی بكرێتەوە.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: پێشبینی دەكەین ساڵانە ٦٠٠ هەزار عێراقی بەتایبەتی حاجیان ئەو دەروازە سنوورییە بەكاربهێنن و دەروازە بۆ كاری بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات بەكاردەهێندرێت.
جێگەی ئاماژەبۆكردنە عێراق و سعوودیە ٨١٢ كیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیەو لە ساڵی ١٩٩٠دا عێراق كوەیتی داگیركرد، بەو هۆیەوە سعودیە سەرجەم پەیوەندیە دیپلۆماسییەكانی لەگەڵ بەغداد بچڕاند و دەروازە سنوورییەكەشی داخست.