بەسڕە دووەم گەرمترین ناوچەی جیهانە

03/08/2019 - 18:26 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

پلەی گەرمای پارێزگای بەسرە 50 پلەی سەدی تێپەڕاند و لە 24 كاتژمێری رابردووشدا دووەم گەرمترین ناوچەی جیهان بووە.

دامەزراوەی بلا سیرڤلی ئەمریكی تایبەت بەكەشناسی خشتەی گەرمترین ناوچەكانی جیهانی لە 24 كاتژمێری رابردوودا بڵاوكردەوە، بەپێی ئەوخشتەیەش ، لە 24 كاتژمێری رابردوودا ناوچەی فرۆكەخانەی بەسرە، دووەم گەرمترین ناوچەی جیهان بوە و پلەی گەرما تێیدا گەیشتوەتە 51 پۆینت 2 پلەی سەدی.

بەپێی هەمان خشتە، لە 24 كاتژمێری رابردوودا ناوچەی مەتربەی كوەیت گەرمترین ناوچەی جیهان بووە و پلەی گەرما لەو ناوچەیە گەیشتوتە 51 پۆینت 4 پلەی سەدی.

هەربەپێی ئەو خشتەیەی كە ئەو دامەزراوە كەشناسیە بڵاوی كردوەتەوە، شاری عەمارەی ناوەندی پارێزگای میسان و شاری ناسریەی ناوەندی پارێزگای زیقار لە باشوری عێراق لە ڕیزی گەرمترین ناوچەكانی جیهاندا بوون و پلەی گەرما تیایاندا لەسەرو49 پلەی سەدیەوە بووە.