زانیاری تازە لەبارەی هۆكاری گرژییەكانی دەشتی موسڵ بزانن

06/08/2019 - 08:49 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

 

خۆپێشاندەرانی ناڕازی لە دەشتی نەینەوا، جگە لە داخستنی رێگە سەرەكییەكانی هاتوچۆ، بە بەرد هێرشیانكردە سەر هێزەكانی سوپای عێراقی، ئەوەش لە چوارچێوەی كاردانەوەكاندا دژی كشانەوەی حەشدی شەبەك.

كشانەوەی لیوای (30) ی حەشدی شەبەك سەر بە حەشدی شەعبی، بەشێكە لە بڕیارەكانی (عادل عەبدولـمەهدی) سەرۆك وەزیرانی عێراق، بۆ رادەستكردنی بازگەكانیان بە سوپاو تێكەڵبوونیان بە هێزە عێراقییەكانی تر.

بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی و چەندین وێنە كە میدیای سەر بە حەشد لە نەینەوا بڵاویانكردەوە، دەیان هاوڵاتی بە هەڵگرتنی دروشمی پاڵپشتی حەشدی شەعبیەوە، بڕیاری كشانەوەیان ئەو هێزە لە بازگەكاندا رەتدەكەنەوە.

لە یەكێك لەو گرتە ڤیدیۆییانەدا خۆپێشاندەرانی نارازی لە دەشتی نەینەوا، رێگری لە جوڵەو پێشڕەوی هێزەكانی سوپای عێراق و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكان دەكەن بۆ گرتنەدەستی بازگە ئەمنیەكان، جگە لە رێگری، بەشێك لە خەڵك بەردبارانیان دەكەن.

لە هەفتەكانی رابردوداو دوای بڕیارەكەی سەرۆك وەزیران، زیاتر لە خۆپێشاندانێك ناڕەزایی لە نەینەوا ئەنجامدراوە، بە تایبەت بۆ پاڵپشتی لە حەشدی شەبەك.

حەشدی شەبەك لیوای 30 لە دەستەی حەشد شەعبی، لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ەوە، دۆسیەی ئەمنی بەشێك لەناوچەكانی دەشتی نەینەوا كەوتۆتە دەست ئەو هێزە، دوای كشانەوەی پێشمەرگەو بەهۆی ئاڵۆزی پەیوەندییەكانی هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا لەدەرەنجامی ریفراندۆم.

سەرچاوەیەكی ئەمنی لە نەینەوا رایگەیاند، دەیان لایەنگری حەشدی شەبەك رێگەكانی هاتوچۆیان لە خۆرهەڵاتی موسڵ داخستووە، بەهۆی نارەزایی لە بڕیاری كشانەوەی حەشد.

ناڕازییەكان ئاگریان كردەوە بە تایەی ئۆتۆمبێل لەسەر رێگەی نێوان كۆكجەلی و موسڵ، ئەوانی تر رێگەی نێوان موسڵ و هەولێریان داخست و خێوەتی گەورەیان هەڵدا بەوتەی سەرچاوەكە.

لە چەند ناوچەیەكی دەشتی نەینەوا، خۆپێشاندەران خێوەتیان بۆ درێژەدان بە ناڕەزاییەكان هەڵدا، لە چەند بازگەیەكی ئەمنیشدا بۆ رێگری لە جێگیربوونی سوپا مانەوەو هەر لەوێ نوێژی بە كۆمەڵیان كرد.

سەرچاوە ئەمنیەكەی نەینەوا دەڵێت، سوپای عێراقی ناچاربووە بازگەیەكی نێوان موسڵ و هەولێر دابخات دوای داخستنی بازگەی دووەم لەلایەن حەشدی شەبەكەوە لە ناوچەی كۆكجەلی.

هەروەها وتی، داخستنی رێگاكانی هاتوچۆ لە زیانی بەرژەوەندی هاوڵاتیاندایە، جگە لەوەی ترس لەنێو خەڵكدا دروستبوە، بە تایبەت لە تاڵانی.

لیوای 30 ی حەشدی شەعبی، پێشترو بەر لە بڕیارەكەی سەرۆك وەزیران، لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكاوە فەرماندەكەیان بە كردەوەی دژە مرۆیی تۆمەتباركراو ناوی خرایە لیستی رەشەوە.

(عادل عەبدولـمەهدی) سەرۆك وەزیران لە تەمموزی ئەمساڵدا بڕیاریدا بە داخستنی تەواوی بازگەو بارەگاكانی حەشدی شەعبی، تا هێزەكە تێكەڵ بە سوپای عێراقی و هێزە سەربازییەكانی تر بكرێن.