حەشدی شەعبی و سوپا لە موسڵ ڕێككەوتن

07/08/2019 - 11:33 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

 

دەستەی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی، رێككەوتن لەسەر ئیدارەدانی دۆسیەی ئەمنی و بەڕێوەبردنی زۆرینەی بازگەكانی دەشتی نەینەوا بە هاوبەشی، ئەوەش دوابەدوای رۆژێك دێت لە ناڕەزایی و پشێوییەكانی بەشێك لە خەڵك بە تایبەت لە پێكهاتەی شەبەك.

ئەو رێككەوتنە پاش گفتوگۆی فەرماندە سەربازییەكان لەگەڵ نوێنەری خەڵكانی ناڕازی هات، كە چەند رۆژی رابردوو بەشێك لە رێگا سەرەكییەكانیان بەرەو شاری موسڵ داخست، دژی بڕیاری كشانەوەی لیوایەكی حەشد.

(فالح فەیاز) سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لەگەڵ ژمارەیەك لە فەرماندەی هێزە عێراقییەكان و سەرۆك ئەركانی سوپا گەیشتە موسڵ، دوابەدوای كۆبوونەوەكان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رێككەوتنەكەی راگەیاند.

بەپێی ئەو رێككەوتنە، دۆسیەی ئەمنی دەشتی نەینەواو بازگەكان بە هاوبەشی بەرێوەدەبرێن لەلایەن لیوای 30 ی حەشدو سوپاو پۆلیس، بە مەرجێك لەژێر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكاندا بن.

لیوای 30 ی حەشدی شەعبی، زۆرینەیان لە پێكهاتەی شەبەكن و نزیكەی دوو ساڵە، بازگەكان و دۆسیەی ئەمنی چەند ناوچەیەكی دەشتی نەینەوایان بە دەستەوەیە.

(نومان زوبەیعی) فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی نەینەوا لە پەیامێكیدا رایگەیاند، گەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ بەرێوەبردنی بازگەكانی دەشتی نەینەوا بە هاوبەشی لەگەڵ پۆلیس و حەشد، ئەوەش لەژێر سەرپەرشتی ئەواندا.

ناڕەزاییەكان كاتێك سەریهەڵدا، بڕیاری كشانەوەی لیوای 30 ی حەشدی شەبەك سەر بە حەشدی شەعبی دەرچوو، وەك بەشێك لە فەرمانەكەی (عادل عەبدولـمەهدی) سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ رادەستكردنی بازگەكانی حەشدو رێكخستنەوەیان لە چوارچێوەی سوپادا.

نوێنەری خۆپێشاندەران لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكاندا كۆبوونەوەو دواتر رێككەوتنەكە بە خەڵك راگەیەندرا كە ئەویش بەهاوبەشی بەرێوەبردنی بازگە سەرەكییەكان و مانەوەی بازگەكانی تری نێو ناوچەكانە بە دەستی لیوای 30 ی حەشدی شەعبییەوە.