سوڕانەوەی فڕۆكەی بێ‌ فڕۆكەوان بە ئاسمانی عێراق قەدەغە دەكرێت

17/08/2019 - 09:48 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

 

سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە، هیچ فڕۆكەیەكی جەنگی و هێلیكۆپتەرێكی عێراقی و بیانی بۆی نییە بێ ڕەزامەندی ئەو بەسەر ئاسمانی عێراقدا بفڕێ، بە پێچەوانەوە هێزی بەرگری ئاسمانی عێراق ڕووبەڕووی دەبنەوە.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش سەربە وەزارەتی بەرگری عێراق ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو ئاشكرایكرد، (عادل عەبدولـمەهدی) سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە دانیشتنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی فەرمانی كردووە، كە چیتر هیچ فڕۆكەیەكی عێراقی و بیانی بەبێ فەرمانی ئەو بەسەر ئاسمانی عێراقدا نەفڕێت.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: فەرماندەی گشتی فەرمانی كردووە، هەموو مۆڵەتەكانی فڕین بەسەر ئاسمانی عێراق كە فڕینی فڕۆكەی چاودێری، فڕینی فڕۆكەی چاودێری و هێرشبەر، فڕۆكە جەنگییەكان، هێلیكۆپتەرەكان و هەموو فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان لەخۆ دەگرێت، بۆ هەموو لایەنەكانی ناوخۆیی و دەرەكی هەڵدەپەسێردرێت.

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: عەبدولـمەهدی بڕیاریداوە لەمەودوا تەنیا بۆخۆی وەك فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق یان ئەو كەسەی لەلایەن خۆیەوە ڕابسپێردرێت، بۆی هەیە مۆڵەت بە فڕینی فڕۆكەكان بەسەر ئاسمانی عێراقەوە بدات.

هەروەها هاتووە: (عەبدولـمەهدی) داوای لە هەموو لایەنەكان كردووە پابەندی ئەم فەرمانەبن و هۆشداریداوە كە هەر چەشنە فڕینێك دەرەوەی ئەم فەرمانە، بە فڕینی دوژمن دادەنرێت و بەرگری ئاسمانی عێراق ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

ئەم فەرمانە لە كاتێكدایە كە چەند ڕۆژ لەمەوبەر هێرش كرایەسەر كۆگایەكی گەورەی تەقەمەنی لە بنكەی سەربازی سەقەر كە دەكەوێتە باشوری بەغدای پایتەخت كە كۆگایەكی هێزەكانی حەشدی شەعبیە، لەو هێرشەدا كەسێك كوژراو (29) كەسی دیكەش بریندار بوون، هەرچەند بە فەرمی ڕانەگەیەندرا كە ئەو هێرشە لەلایەن كام وڵاتەوە كراوە، بەڵام ئاژانسە جیهانییەكان ڕایانگەیاندووە، ئەو كۆگایە، كۆگای ئێران بووەو لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشی كراوەتەسەر.