زەنگی مەترسیدار بۆ سەرۆك وەزیران لێدەدرێت

19/08/2019 - 09:55 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی عیراق هەوڵەكانیان بەردەوامە بەمەبەستی لەسەركارلادانی عادل عەبدولمەهدی و دوا پەیامی موقتەدا سەدریش بەزەنگێكی مەترسیدار بۆ سەرۆك وەزیران دادەنرێت، پەرلەمانتارێكی یەكێتیش ڕایدەگەیەنێت، "ئەمریكا پاڵپشتی لەمانەوەی عەبدولمەهدی دەكات".

لەدوا تویتی موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدردا كە تایبەتبوو بەنەبونی خزمەتگوزاری لەعیراق و نەبونی هیچ هەنگاوێكی كرداری بۆ دادگاییكردنی ئەو بەرپرسانەی دۆسێی گەندەڵییان هەیە، پرسی لەكارلادانی عادل عەبدولمەهدی گەرمتر بوو.

حەسەن ئاڵی پەرلەمانتاری یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەران بە تۆری سلیمانی ڕاگەیاند، "هەوڵەكان بۆ لەسەركارلادانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بەردەوامەو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی وەكو (ڕەوتی حیكمە)و (نەسر) لەپشت ئەو هەوڵانەوەن".

وتیشی:"ئەگەر هاوپەیمانێتی (سائیرون)یش بڕیاری بەئۆپۆزسیۆن بون بدات، ئەوە دۆخی عەبدولمەهدی خراپ دەبێت و بەئاسانی دەتوانرێت لەنوێنەرانەوە متمانەی لێوەربگیرێتەوە".

ئاشكراشیكرد، "بەهۆی ئەوەی سەرۆك وەزیران پەیوەندی لەگەڵ تەواوی پێكهاتەكان هەیەو هیچ لایەك پەراوێزناخات، بۆیە وەرگرتنەوەی متمانە لێی، كارێكی ئەستەمە، ئەمە جگەلەوەی ئەمریكا پاڵپشتی لێدەكات".

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی، "لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بەدوو ڕێگەوە هەوڵی لەسەركارلادانی عادل عەبدولمەهدی دەدەن، یەكەمیان بەهۆی نەبونی خزمەتگوزاریی و دوەمیشیان بەهۆی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە".