ئێران دەروازەیەكی تری سنووری بەڕووی عێراق كردەوە

19/08/2019 - 22:10 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

 

وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند، سنووری خوسرەو لەگەڵ عێراق دەكرێتەوەو ڤیزاش هەڵدەوەشێتەوە.

(عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزلی) وەزیری ناوخۆی ئێران لە دیداری (یاسین یاسری) هاوتا عێراقییەكەی رایگەیاند، هاوكاری نێوان هەر دوو وەزارەت لەنێوان عێراق و ئێران لە بواری ئاسایش و مامەڵەی سنووری و ئاڵوگۆڕییەكان بە تایبەت لە پرسی چلەی ماتەمینی ڕووی لە گەشەو باش بوونە.

وتیشی: بە ڕێككەوتننامەی هاوكاری نێوان دوو وڵات سنووری خوسرەوی كرایەوەو ڤیزا هەڵوەشاوە، ئەو ڕێككەوتننامەیە دەبێتە هۆی ئاسانكاری لە سەفەری زیارەتكاران بۆ عێراق.

شایانی باسە، ساڵی ڕابردوو دوو میلۆن كەس لە سنووری وشكانی بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمە ئاینییەكان هاتبوونە نێو خاكی عێراق.

چاوەروان دەكرێت ئەمساڵ بە كرانەوەی سنووری خوسرەوی زۆربەی ئەو كەسانەی ڕوو لەو سنوورە بكەن و ڕێژەی جەماوەری سنوورەكانی مێهران، شەلەمچەو چەزابە كەم بێتەوە، چونكە كرماشان نزیكترین رێگە بۆ كەربەلایەو ژێرخانە پەیوەندییەكانی وەك فرۆكەخانە، شەمەندەفەرو شاڕێی بۆ كەربەلا ئامادەیە.