پزیشكێكی ئەشكەنجەدانی زیندانیانی سەردەمی سەدام مافی پەنابەری لەبەریتانیا وەرگرت

21/08/2019 - 11:28 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

پزیشكێكی عێراقی كە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە سەردەمی سەدام حسێن مافی پەنابەری لە بەریتانیا وەرگرت ئەویش بە پاساوی نەبونی بەڵگەی یاسایی بووە لەسەری.


بە گوێرەی هەواڵێكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری پەنابەران، پزیشكێكی عێراقی كە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە سەردەمی سەدام حسێن مافی پەنابەری لە بەریتانیا وەرگرت كە ئەو پزیشكە تەمەنی 54 ساڵە بەڵام ناوی نەهێندراوە.


هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: ئەو پزیشكە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەوەش بەهۆی ئەوەی چارەسەری ئەو زیندانیانەی كردووە كە ئەشكەنجە دراون تاوەكو زیاتر بژین و ئازاری زیاتر بچێژن.


ئاماژەی بەوەشكرد: ئەو پزیشكە لەبەردەم دوو بژاردە بووە، یان چارەسەركردنی زیندانیانی ئەشكەنجەدراو تاوەكو زیاتر بەرگری ئەشكەنجەدان بگرن، یاخود وازهێنان لێیان كە رەنگبێت بەهۆی برینەكانیان گیانیان لەدەستبدایە.


لەگەڵ ئەوەی سەرەتا داوای مافی پەنابەری ئەو پزیشكە رەتكراوەتەوە بەهۆی كاركردنی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری سەربازی سەر بە سەدام حسێن بووە، بەڵام دادگای تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا بڕیاریداوە هیچ بەڵگەیەك نییە بیسەلمێنێت ئەو كەسە ئەشكەنجەی زیندانیانی داوە، یاخود بەشداربووە لە ئەشكەنجەدانیان.


ئەو پزیشكە لە ساڵی 1995 عێراقی بەرەو لیبیا بەجێهیشتووە، لە 2000 چووەتە بەریتانیا و دواتر لەساڵی 2007 داوای مافی پەنابەری كردووە.