ڕۆژنامەیەكی ئەمریكی مەترسیەكی نوێی سەر عێراق ئاشكرادەكات

16/09/2019 - 12:55 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

رۆژنامەی نیویۆرك تایمز ڕایدەگەیەنێت: هەڕەشەیەكی دیكەی بەردەم عێراق ئالودەبونی گەنجانە بە جۆرێك لە ماددەی هۆشبەر و ئەوەش نوێترین تێكچونی شیرازەی كۆمەڵایەتییە لە عێراقدا.


ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز ڕاپۆرتێكی لەسەر ماددەی هۆشبەر لە عێراق بڵاوكردەوە كە تیایدا هاتووە: گەنجانی عێراق ئالودەی كێشانی جۆرە ماددەیەكی هۆشبەر بوون كە لە جۆری كریستاڵە و پێی دەوترێت كریستاڵ سمیس، ئەمەش نوێترین تێكچونی شیرازەی كۆمەڵایەتییە كە لەدوای داگیركردنی عێراق لە ساڵی 2003 بەسەر كۆمەڵگەی عیراقیدا هاتبێت.

رۆژنامەكە گەنجێكی عیراقیی بەناوی حسێن كەریم دواندوە كە ئالودەی كریستاڵی هۆشبەر بووە و گەنجەكە دانی بەوەدا ناوە تائێستا سێ ئۆتۆمبیل و پارچە زەوییەك و هەزاران دۆلاری بۆ دەستكەوتنی ئەو جۆرە ماددە هۆشبەرە داوە، لەكاتێكدا پێش ئالودەبونی بەنیازبووە پارچە زەوییەكەی بكات بە خانوو.

بەگوێرەی رۆژنامەكە، حسێن كەریم یەكێكە لەو هەزاران گەنجە عیراقییەی كە ئالودەی ماددەی هۆشبەر بووە لە عیراق، عیراقێك بەدەست كێشەی ماددە هۆشبەرە دەگمەنەكانەوە دەناڵێنێت.

نیویۆرك تایمز ئاشكرایكردوە كە پارێزگاكانی بەسرە و بەغدا لەو پارێزگایانەن كە زۆر بە خراپی بەدەست كێشەی ماددە هۆشبەرەكانەوە دەناڵێنن بە تایبەت لە بەسرە كە تەنها لە ساڵی رابردوودا هەزار و 400 كەس لەو شارە بەتۆمەتی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر سزا دراون.

رۆژنامەكە پێی وایە، بەراورد بە وڵاتانی دیكە كێشەی ماددەی هۆشبەر لە عیراق هێشتا لە سەرەتادایە، بۆیە چارەسەرێكی ئەوتۆ بۆ كێشەكە لەئارادا نییە و حكومەت تەنها بە زیندانیكردنی بەكارهێنەران دەیەوێت روبەڕوی دیاردەكە ببێتەوە.