له‌ به‌رژه‌وه‌نی فه‌رمانبه‌رانى هه‌میشه‌یى و گرێبه‌ست ئه‌نجوومەنی وەزیران چه‌ند بڕیارێك ده‌رده‌كات

16/09/2019 - 15:25 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

له‌ به‌رژه‌وه‌نی فه‌رمانبه‌رانى هه‌میشه‌یى و گرێبه‌ست ئه‌نجوومەنی وەزیرانی عیراق چه‌ند بڕیارێكى ده‌ركرد و به‌پێى بڕیاره‌كانیش به‌شێك له‌ فه‌رمانبه‌ران ده‌توانن گواستنه‌وه‌ى راژه‌ ئه‌نجامبده‌ن و به‌شێكیش خۆیان خانه‌نشین بكه‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا چه‌ند ماف و ئیمتیازاتێكیان پێده‌درێت.

به‌پێی بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كه‌ وێنەیەکى دەست "كوردیو" كوتووه‌ و له‌ 8ی ئەیلولی 2019 دەرچووە تیایدا هاتووە "فەرمانبەری راژەی هەمیشەیی دەتوانێت راژەكەی بگۆڕێت بۆ گرێبەست، بەمەرجێك تەمەنی نەگەیشتبێتە 55 ساڵ، هەروەها سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست هەمان ئیمتیازی راژەی هەمیشەییان پێدەدرێت لە هاندان و مۆڵەت.

هەر به‌پێى بڕیاره‌كه‌: هەر فەرمانبەرێكی هەمیشەیی 15 ساڵی خزمەتی هەبێت به‌بێ مه‌رجى ته‌مه‌ن، دەتوانێت خۆی خانەنشین بكات، جگە لە پزیشكان و مامۆستایانی زانكۆ.

له‌ بەشێکى تریدا هاتووە: "ئەو فەرمانبەرانەی پێش تەمەنی 55 ساڵی راژەكەیان دەگۆڕن بۆ گرێبەست و ئەو فەرمانبەرانەی بە خزمەتی 15 ساڵی خۆیان خانەنشین دەكەن و ئەوانەشى كە دەچنە كەرتی تایبەت بە مۆڵەتی پێنج ساڵی و بەڵێندەدەن نەگەڕێنەوە وەزیفە، چەند ئیمتیازێكیان پێدەدرێت له‌وانه‌: پێدانى پارچەیەك زەوی (بەو مەرجەی پێشتر سوودمەند نەبووبێت) له‌گه‌ڵ پێشینەیەك هێندەی 200 مووچەی تەواوەتی بێت له‌گه‌ڵ پاداشتێك کە هێندەی مووچە و دەرماڵەی دوو ساڵی بێت (بە مەرجی بوونی تەرخانكراوی دارایی) لەگەڵ پێدانی قەرزێك بۆ كڕینی خانوو یان دروستكردنی خانوو".