بەغدا پێشنیازێك دەخاتەبەردەم هەرێم

17/09/2019 - 18:56 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

ئامانجی سەردانی وەفدی باڵای بەغدا بۆ هەرێم ئاشكرادەكرێت و ئەندامێكی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش رایدەگەیەنێت: سبەینێ وەفدی دووەم لەعیراقەوە دێتە هەولێرو پێشنیازێك دەخاتە بەردەم بەرپرسانی حكومەتی هەرێم.

ئەمڕۆ 17ی 9ی 2019، د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، بە سەرۆكایەتی وەفدێكی باڵای عیراق، گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمەوە پێشوازی لێكرا.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راگەیاند: دوو وەفدی باڵا لەعیراقەوە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن، ئەمڕۆ وەفدێكیان كە پێكهاتووە لەسەرۆك كۆمارو وەزیری دارایی گەیشتوونەتە هەولێر و بڕیارە لەگەڵ سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كۆببنەوە.

وتیشی:" د. بەرهەم ساڵح لەو سەردانەیدا پەیامی عیراقی پێیە لەبارەی رێككەوتن لەگەڵ هەرێم لەسەر بودجەی 2020 و رەنگە وەزیری دارایی عیراقیش پێشنیازێكی تایبەتی لەوبارەیەوە هەبێت".

راشیگەیاند: سبەینێ 18ی 9ی 2019، وەفدی دووەمی عیراق بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، سەردانی هەرێم دەكات و پێشنیازێك لەبارەی رێككەوتنی هەرێم و بەغدا دەخاتە بەردەم بەرپرسانی هەرێم، بۆیە چوونی وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا دواخراوە.