سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق به‌ڵێنێك به‌م توێژه‌ی‌ هه‌رێم ده‌دات

22/09/2019 - 09:48 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

حكومه‌تی عیراق شایسته‌ی سێ ساڵی جوتیارانی هه‌رێم خه‌رجده‌كات و جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش رایده‌گه‌یه‌نێت: سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڵێنیداوه‌ به‌پێی خشته‌یه‌ك تاكۆتایی ئه‌مساڵ، سه‌رجه‌م شایسته‌ داراییه‌كانی جوتیاران خه‌رج بكات.

به‌شیر حه‌داد، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق  راگه‌یاند: چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر چاومان به‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كه‌وت و داوای خه‌رجكردنی شایسته‌ی دارایی جوتیارانمان لێكرد بۆ ساڵه‌كانی (2014، 2105، 2016).

وتیشی: "سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڵێنیدا له‌ماوه‌ی داهاتوو خشته‌یه‌ك داده‌نێن و به‌پێی ئه‌و خشته‌یه‌ شایسته‌ی دارایی هه‌موو جوتیارانی عیراق به‌ جوتیارانی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ پێش كۆتایی ئه‌مساڵ خه‌رج ده‌كه‌ن".

شایسته‌ی دارایی جوتیارانی هه‌رێم بۆ ئه‌و سێ ساڵه‌ 557 ملیار دیناره‌، كه‌ به‌بڕیاری حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عیراق خه‌رجكردنی ئه‌و پاره‌یه‌ راگیرابوو.