چەکدارێکی مەترسیداری داعش دەستگیرکراو چوار ڕفیندراویش ئازاد كران

23/09/2019 - 15:21 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

فەرماندەی پرۆسە هاوبەشەکانی کەرکووک ئاشکرای کرد، چەکدارێکی داعشیان دەستگیر کردووە، کە بە یەکێک لە چەکدارە مەترسیدارەکانی ئەو رێکخراوە دادەنرێت، هەروەها چوار کرێکاری بەنگلادیشی رفێندراو رزگارکراون و رفێنەرانیش دەستگیر کراون.

سەعد حەربیە لە بەیاننامەیێکدا دەڵێت "دوای ئەوەی زانیاریمان پێگەیشت یەکێک لە چەکدارە مەترسیدارەکانی داعش لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پرۆسە هاوبەشەکانی کەرکووکە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی نیشتمانی لە پرۆسەیێکی تایبەتدا شوێنەکەیان دیاری کرد و دواتر بەهاریکاری لەگەڵ فەوجێکی مغاویری تایبەت دەستگیرکرا".

ئەو چەکدارەی داعش لەدایکبووی ساڵی 1971 و پێشتر لەقەزای داقوق نیشتەجێ بووە و پاشان چووەتە ناوچەی حەی نەسڕی کەرکووک، لەلای دەزگا ئەمنییەکانیش بەیەکێک لە چەکدارە مەترسیدارەکانی ئەو رێکخراوە ناسراوە.

سەعد حەربیە فەرماندەی پرۆسە هاوبەشەکانی کەرکووک ئاشکراشی کردووە هێزێکی دیکە توانیویانە چوار کرێکاری بەنگلادیشی رزگار بکەن، کە لە کەرکووک رفێندرا بوون و رفێنەرانیش دەستگیر کراون.