ده‌یان خۆپیشانده‌ر له‌ به‌غدا برینداربوون

26/09/2019 - 10:54 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ خاوه‌ن بڕوانامه‌ی باڵا به‌ خۆپیشاندانێك چوونه‌ به‌رده‌م باره‌گای حكومه‌تی به‌غدا و داوای دامه‌زراندنیان كرد، به‌ڵام له‌لایه‌ن پۆلیسی چالاكییه‌ مه‌ده‌نییه‌كانه‌وه‌، به‌ زۆر بڵاوه‌یان پێكرا.

یه‌كێك له‌ به‌شداربوانی خۆپیشاندانه‌كه‌ به‌ ناوی (نه‌غه‌م ئه‌لته‌میمی) به‌دواڕۆژی وت: "هێزه‌كانی پۆلیسی دژه‌ ئاشووب به‌ ئاوپرژێن و تێڵا زۆر به‌تووندی رووبه‌ڕووی خۆپیشانده‌ران بوونه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت ده‌ستیان له‌ ژنان-یش نه‌پاراستووه‌، له‌ ئه‌نجامدا ده‌یان خۆپیشانده‌ر برینداربوون".

نه‌غه‌م وتیشی: "بێجگه‌ له‌ برینداره‌كان، هێزه‌كانی پۆلیس ژماره‌یه‌كیان به‌تۆمه‌تی سه‌رپه‌رشتی و رێكخستنی خۆپیشاندانه‌كه‌ ده‌ستگیركردووه‌ و به‌ به‌رچاوی خه‌ڵكه‌كه‌وه‌ لێیانداون و دواتر له‌گه‌ڵ خۆیاندا بردوویانن".

هه‌زاران ده‌رچووی زانكۆكان، كه‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاویان خاوه‌نی بڕوانامه‌ی باڵان، ساڵانێكه‌ داوا له‌ حكومه‌تی به‌غدا ده‌كه‌ن هه‌لی كاریان بۆ بدۆزێته‌وه‌ یاخود له‌ فه‌رمانگه‌ و دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كاندا دایانمه‌زرێنن.

 

ئەلبوومی وێنەکان