كرێكارە بیانییەكان لەعێراق مووچەی خەیاڵی وەردەگرن

29/09/2019 - 09:33 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

لەعێراق كرێكارێكی بیانی كەرتی نەوت مووچەیەكی خەیاڵی هەیە، لەكاتێكدا دەرچوانی زانكۆ لە ئەندازیاری و پزیشكی هێشتا چاوەڕێی دامەزراندنن.

پەرلەمانتارێكی لیژنەی دەسپاكی لە پەرلەمانی عێراق، چەند راستییەكی نەوتراو لەسەر ژمارە و مووچەی ئەو كرێكارە بیانییانە دەخاتەڕوو، كە لەكەرتی نەوتی عێراقدا كاردەكەن.

ئەحمەد جبوری پەرلەمانتاری لیژنەی دەسپاكی لە پەرلەمانی عێراق، لەڕاگەیەندراوێكی كورتدا دەڵێت: "زیاتر لە ٧٤ ھەزار كرێكاری بیانی لە كەرتی نەوتی عێراقدا كاردەكەن".

ئاشكراشی دەكات: "مووچەی مانگانە، نەك ساڵانەی ھەریەكە لەو كرێكارانە لە ٥٠٠٠ دۆلار بۆ ٨٠٠٠٠ دۆلاری ئەمریكییە".

دەشڵێت: "دەرچوانی عێراق لە ئەندازیاران و ئەوانی تریش، بەبێ كار چەندین ساڵە خۆپیشاندان دەكەن، بەبێ ئەوەی وەڵام بدرێنەوە".