له‌ به‌غدا قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ تا كاتێكی نادیار راگه‌یه‌ندرا

03/10/2019 - 09:18 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆی له‌شاری به‌غدا ده‌ركرد و ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌دات له‌پێناو پارێزگاری له‌ سیستمی گشتی و ئاسایشی گشتی و پاراستنی خۆپیشانده‌ران بڕیاره‌كه‌ دراوه‌.

نوسینگه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ دراوه‌و له‌ كاتژمێر 5ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆوه‌ ده‌ستیپێكردوه‌ و تا كاتێكی نادیار به‌رده‌وام ده‌بێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، بڕیاره‌كه‌ بۆ پاراستنی سیستمی گشتی و ئاسایشی گشتی و خۆپیشانده‌رانه‌، ئه‌وه‌ش بۆ رێگریكردنه‌ له‌ هه‌ندێك كه‌س، كه‌ خۆیان خستوه‌ته‌ ناو خۆپیشانده‌ران و ده‌ستدرێژی ده‌كه‌نه‌سه‌ر هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و موڵك و ماڵی گشتی و تایبه‌تی.

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق رونیشیكردوه‌ته‌وه‌، هێزه‌ ئه‌منیه‌كان به‌گوێره‌ی یاسا و رێساكان رێگه‌ به‌ جوڵه‌ی هاووڵاتیان و گه‌شتیاران ده‌ده‌ن بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی به‌غدا، هه‌روه‌ها رێگه‌ به‌ هاتوچۆی ئۆتۆمبێله‌كانی فریاكه‌وتن و نه‌خۆش و كارمه‌ندانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كانی وه‌ك نه‌خۆشخانه‌ و كاره‌با و شاره‌وانی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی دیكه‌ ده‌ده‌ن.